هەنگاوێکی دیپلۆماسی له‌پێناو ڕاگرتنی هێرشی حوسییەکان دژی ئیسرائیل ده‌ستیپێكرد
  2025-05-08       134       

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئه‌مڕۆ پێنجشەممە لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، "هەنگاوێکی دیپلۆماسی" هەیە بە ئامانجی ڕازیکردنی بزوتنەوەی حوسییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانی دژی ئیسرائیل.

ئاوێنە: ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی پنتاگۆنەوە ڕایگەیاندوە، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕازیکردنی حوسییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوامە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، "هێشتا کارەکان بەردەوامن بۆ دڵنیابون لە گەشتێکی سەلامەت لە دەریای سوردا و ئەوەش ڕەنگە بەڕێوه‌بەری دەریایی سنوردار بۆ ئەو کەشتیانەی لەخۆبگرێت کە تێدەپەڕن لەگەڵ دەستپێکردنی جێبەجێکردنی ئاگربەست لەگەڵ حوسییەکان".

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دو ڕۆژ له‌مه‌وبه‌ر ڕایگەیاند، حوسییەکان "تەسلیمبون" و داوای لە ئەمریکا کرد هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەریان ڕابگرێت، ئەوەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی بۆردومانەکانی ئەمریکا دەستبەجێ ڕادەگیرێت.
 
لەکاتێکدا بەخێرهاتنی سەرۆک وەزیرانی کەنەدا مارک کارنی کرد لە ئۆفیسی ئۆڤاڵ، ترەمپ وتی "حوسییەکان وتویانە چیتر نایانەوێت شەڕ بکەن، بە سادەیی نایانەوێت چیتر شەڕ بکەن".

ئه‌وه‌شی وت، "دوای ئەوەی بزوتنەوەی یەمەنی هاوپەیمانی ئێرانی هێرشه‌كانی بۆ پەکخستنی ڕێڕەوی کەشتیوانی گرنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕاده‌گرێت، ئەمریکا بۆردومانەکانی بۆ سەر حوسییەکان لە یەمەن ڕادەگرێت".
  
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی بە "تاقیکردنەوەی جددیەتی حوسییەکان" وەسفکرد و ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان "لە ڕێگەی سوڵتانییەتی عومانەوە ئاگاداریان کردینەوە لە خواستی خۆیان بۆ ئاگربەست"، بەڵام جەختی لەوەکردەوە کە "حوکمدان لەسەر بنەمای کردار دەبێت نەک قسە".

6ی ئه‌م مانگه‌ عومان ڕایگەیاند، ئەمریکا و حوسییەکان گەیشتونەتە ڕێککەوتنی ئاگربەست، لەوانە ڕاگرتنی هێرشەکان بۆ سەر کەشتییە ئەمریکییەکان لە دەریای سور و گەروی باب ئەلمەندەب، ئەوەش دوای چەند هەفتەیەک لە پەرەسەندنی سەربازی.

بەدر ئەلبوسەیدی، وەزیری دەرەوەی عومان ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە "دوای گفتوگۆ و پەیوەندییەکانی ئەم دواییەی سوڵتانییەتی عومان لەگەڵ ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە سه‌نعا بە ئامانجی گەیشتن بە کەمکردنەوەی پەرەسەندن" هاتە ئاراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×