دەم پارتی: ئاسنێكی تیژ لە تایەی ئۆتۆمبیلەكەی سری سورەیا ئۆندەر دانرا بوو
  2025-05-08       275       

دەم پارتی دەلێت: لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە لە یەکێک لە تایەکانی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا، ئامێرێکی تیژی لە ئاسن دروستکراو جێگیرکراوە کە توانای هەبووە تایەکە بتەقێنێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ٨ی ئایاری ٢٠٢٥، دەم پارتی ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی گیانلەدەستدانی سری سورەیا ئۆندەر ئەندامی شاندی ئیمراڵی و جێگری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و هەوڵی تیرۆرکردنی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ٢ی نیسان کارمەندی گەراجێک بە بیستنی دەنگێک لە تایەی ئۆتۆمبێلەکەی ئۆندەر کەوتووەتە گومانەوە و ئۆتۆمبێلەکەی بردووە بۆ خزمەتگوزاریی چاککردنەوە، دواتر لێکۆڵینەوەکان دەریانخست کە لە یەکێک لە تایەکانی دواوەی ئۆتۆمبێلەکەدا، ئامێرێکی تیژی لە ئاسن دروستکراو جێگیرکراوە کە توانای هەبووە تایەکە بتەقێنێت. ئۆندەر لە کاتی خۆیدا رووداوەکەی بۆ پارتەکەی گێڕایەوە و لێکۆڵینەوە و هەڵسەنگاندنی پێویستی بۆ کرا.

دەم پارتی ئاماژەی بەوەشداوە، "بەڵگەى رووداوەکە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان نێردرا و ئێمە و ئۆندەریش لە نزیکەوە چاودێریی دۆخ و رووداوەکەمان کرد، بەڵام بەهۆی هەستیاریی دۆسییەکەوە بابەتەکەمان بۆ رایگشتی ئاشکرا نەکرد."

هاوکات، باسیان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان کردووە و دەڵێن: تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێک لەبارەی لێکۆڵینەوەکان بە پارتەکەیان نەدراوە.

ئەمە لە کاتێکدایە، سڕی سوورەیا ئۆندەر، دوو هەفتە دوای ئەو رووداوە و شەوی 15ـى نیسان، جەڵتەی دڵ لێیدا و بەپەلە رەوانەی نەخۆشخانە کرا و شادەماری دڵی دڕابوو، نەشتەگەرییەکی ١٢ کاتژمێریی بۆ کرا و لە سەرەتادا وەڵامی چارەسە پزیشکییەکانی دەدایەوە، بەڵام دواتر کێشەی گەورە لە مێشکیدا سەریهەڵدا و تووشی ئاوسان بوو.

پاش چەند رۆژێک دۆخی بەرەو خراپتر رۆیشت و سەرەڕای هەوڵەکان هۆشینەدەکردەوە، ئەوەبوو پاش ١٨ رۆژ مانەوە لە یەکەی چاودێریی چڕ، لە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە گیانیلەدەستدا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×