سەرۆک کۆماری تورکیا رایگەیاند، ئەمڕۆ یان سبەی پەکەکە چەک دادەنێت و رێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە.
ئاوێنە: میدیای تورکیا بڵاویکردەوە، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی لەگەڵ ژمارەیەک لە وەزیران و پەرلەمانتارانی ئاکپارتی دا باسی پرۆسەی ئاشتی کردووە کە دەوڵەت بە "تورکیای بێ تیرۆر" دەیناسێنێت.
کۆبوونەوەکە لە بارەگای سەرەکیی ئاکپارتی بەڕێوەچووە و تیادا ئەردۆغان رایگەیاندووە "تەواوی ئاستەنگەکانمان تێپەڕاند. پەکەکە ئەمڕۆ و سبەی چەکەکانی دادەنێت و رێکخراوەکە هەڵدەوەشێتەوە". وتیشی "دواتریش بۆ هەموومان سەردەمێک و قۆناخێکی نوێ دەستپێدەکات".
سەرۆک کۆماری تورکیا ئاماژەی بە مەترسیەک کردووە و دەڵێت "کارێکی مەزنتان دەکەوێتە ئەستۆ. دەکرێ کەسانێک بیانەوێت لەڕووی سیاسییەوە ئەم بابەتە بقۆزنەوە".
دەشڵێت "هەر بۆیە دەبێت ئامادە بین. پرۆسەیەکی ئاسان چاوەڕێی ئێمە ناکات. لەم بابەتەدا متمانەم بە ئێوە هەیە".