بە ئامادەبوونی سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکوەزیرانی عێراق 11 رێککەوتن لەنێوان تورکیا و عێراق واژۆکران. پاشان رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، دەیانەوێت زوو هەناردەکردنەوەی نەوت لە هێڵی عێراق - تورکیا دەستپێبکاتەوە.
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی و واژۆکردنی رێککەوتنەکان باسی دۆسیەی نەوتی کرد و رایگەیاند "لە بابەتەکانی وەک دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لەرێگەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا، دەمانەوێت بە خێرایی بەرەوپێش بڕۆین".
وتیشی "بەردەوام دەبین لە پتەوکردنی هەماهەنگی لەگەڵ عێراق، هەروەها هیوادارین هەماهەنگییەکانمان لەبارەی کارەبا لەگەڵ عێراق فراوانتر بکەین".
ئەردۆغان بەردەوام دەبێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هەر بەوتەی ناوبراو "ساڵی رابردوو قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق 18 ملیار دۆلار بوو".
سەرۆک کۆماری تورکیا باسی لەوەسکرد، پێشوازی لە رۆڵی عێراق دەکەن لە ئارامیی ناوچەکەدا، هاوکات ئەردۆغان داواش لە وڵاتان دەکات بەشدار بن لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان.