ئا: ئاوێنە
دوکەڵی سپی لەکەنیسەی سیستینکانەوە بەرزبۆوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ١٣٣ کاردیناڵ لەناوەوە پاپایەکی نوێیان هەڵبژاردووە بۆ رابەرایەتیکردنی ملیارێکو ٤٠٠ ملیۆن کاسۆلیکی جیهان، ترامپ وتی "شانازییەکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان کە پاپای نوێ، ئەمەریکییە".
پاپا نوێیەکە کاردیناڵی ئەمریکی، ڕۆبەرت پرێڤۆستی تەمەن ٦٩ ساڵە. دوابەدوای کۆچیدوایی پاپا فرانسیس، دوایین رابەری رۆحی کاسۆلیکەکانو ڤاتیکان، لە ٢١ی نیسان، کاردیناڵەکان کە گرنگترین پیاوی ئایینین لەدوای پاپا، لەدانیشتنی پاشنیوەڕۆی دووەم ڕۆژی هەڵبژاردنی پاپا، پاپای نوێیان دیاریکرد. لەکاتێکدا دوکەڵی سپی لەکەنیسەی سیستینکانەوە بەرزبووەوە، ٢٦٧هەمین پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی ڕاگەیەندرا.
پاپای نوێ بە بەدەستهێنانی لانیکەم دوو لەسەر سێی دەنگەکان، (٨٩) دەنگ لەکۆی ١٣٣ کاردیناڵ، وەک پاپای نوێ هەڵبژێردرا.
کاردیناڵەکان لەکەنیسەی سیستینکانی ڤاتیکان کۆبوونەوەو کاردیناڵ ڕۆبەرت فرانسیس پرێڤۆستیان هەڵبژارد کە ناوی پاپا لیۆی چواردەهەمی وەرگرت، وەک ٢٦٧ پاپای ڤاتیکان. کاردیناڵی فەرەنسی دۆمینیک مامبێرتی کە خاوەنی نازناوی "پرۆتۆدیاکۆنۆ"یە، لەکۆشکی گەورەی سانت پیتەرەوە بەزمانی لاتینی رایگەیاند "Habemus Papam (پاپامان هەیە)"، کە کاردیناڵ پرێڤۆسی تەمەن ٦٩ ساڵانی ئەمریکی وەک پاپای نوێ هەڵبژێردراوەو ناوی "پاپا لیۆی چواردەهەم"ی وەرگرتووە.
پاپا لیۆی چواردەهەم، یەکەم پاپای ئەمریکییە لەمێژوودا. ترامپ لەپۆستێکی سۆشیال میدیادا پیرۆزبایی لەپاپا پرێڤۆست کردو ڕایگەیاند "شانازییەکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان، کە پاپا پرێڤۆست وەک پاپای نوێ ڕاگەیەندراو ئەمەریکییە. بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی دیداری پاپا لیۆی چواردەهەمم".
لەکۆی ٢٦٦ پاپای کەنیسەی کاسۆلیکی، زیاتر لە ٢٠٠ پاپایان ئیتاڵی بوون، دوا پاپا کە بۆ یەکەمجار لەئەمریکای باشورەوە لەساڵی ٢٠١٣ هەڵبژێردرا، پاپا فرانسیس بوو کە ئەرژەنتینی بوو.
پاپای نوێ لەیەکەم وتاریدا دوای هەڵبژاردنی، جەختی لەسەر "ئاشتی" کردەوەو رایگەیاند کە پێویستە پردی پەیوەندییەکان لەڕێگەی "گفتوگۆ"وە دروست بکرێن، سڵاوێکی تایبەتیشی بۆ پیرۆ نارد، کە چەندین ساڵ لەوێ خزمەتی کردووە.
ڕۆبێرت فرانسیس پرێڤۆست، کە ئێستا بەپاپا لیۆی چواردەهەم ناسراوە، یەکەم پاپای ئەمریکییە لەمێژووی کەنیسەی کاسۆلیکیدا.
لە ١٤ی ئەیلوولی ١٩٥٥ لەشاری شیکاگۆ لەویلایەتی ئیلینۆیس لەئەمریکا لەدایکبووە، خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەمریکیو پیرۆیە.
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبیرکاری لەزانکۆی ڤیلانۆڤا لەساڵی ١٩٧٧و بڕوانامەی ماستەری لەلاهوت لەکۆلیژی لاهوتی کاسۆلیکی لەشیکاگۆ بەدەستهێناوە. پاشان لەتەمەنی ٢٧ ساڵیدا لەڕۆما درێژەی داوە بەخوێندنی لەبواری یاسای کەنیسە لەزانکۆی سانت تۆماس ئەکویناسو بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە.
لە ١٩ی حوزەیرانی ١٩٨٢دا وەک قەشە دەستنیشانکراوە، دواتر لەساڵی ١٩٨٥ تا ١٩٩٨ وەک میسیۆنەر لەپیرۆ کاری کردووە،
لەسەرەتای ٢٠٢٣ەوە وەک سەرۆکی بەشی ئەسقەفەکانی ڤاتیکان کاریکردووە، کە یەکێکە لەکاریگەرترین پۆستەکانی ڤاتیکانو سەرپەرشتی ئەو پۆستانەی دەکرد قەشەو ئەسقەف دەستنیشانیان دەکات لەسەرانسەری جیهاندا.
پاپای نوێ فرە زمانە، بەزمانەکانی ئیسپانیو ئیتاڵیو ئینگلیزیو فەرەنسی قسە دەکات. سەڕەرای ڕەگو ڕیشەی ئەمریکی، زۆربەی ژیانی لەدەرەوەی ئەمەریکا بەسەربردووە، بیست ساڵ لەپیرۆ خزمەتی کردووە، لەوێ کرا بەقەشەو هاوڵاتی ئەو وڵاتە، پاشان رێکخراوی سانت ئۆگەستینی بەڕێوەبردووە، کە ئەرکی سەرەکییان خزمەتکردنی هەژارانوو کۆچبەران بووەو سەردانکردنی خەڵکی بووە، پرێڤۆست ساڵی ڕابردوو لەلێدوانێکیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی ڤاتیکان ڕایگەیاند "نابێت قەشە شازادەیەکی بچووک بێت کە لەشانشینی خۆیدا دانیشتبێت".
تا ئێستا ڕوون نییە کە ئایا پاپا فرانسیس وەک فرانسیس کراوە دەبێت بەرامبەر بەهاوڕەگەزخوازان، لەشفرۆشان، ڕەگەزگۆڕاوەکانی کاسۆلیکی، بەڵام لەوتارێکی ساڵی ٢٠١٢دا بۆ قەشەکان رەخنەی ئەوەی گرت کە میدیای ڕۆژئاوا "هاوسۆزن بۆ ئەو بیروباوەڕو پراکتیزانە کە پێچەوانەی کتێبی پیرۆزن".
ئەمە لەکاتێکدایە، کە چەند رۆژێک لەمەوبەر ترامپی سەرۆکی ئەمەریکا، وێنەیەکی خۆی لەسۆشیال میدیا بڵاوکردەوە بەجلوبەرگو کڵاویی تایبەت بەپاپاوەو رایگەیاند "حەزدەکەم ببم بەپاپای ڤاتیکان".
ئەم پێشهاتانەش هاوکاتن لەگەڵ ئەوەی کە پەیڕەوانی کەنیسەی کاسۆلیکی لەئەمریکا بەقۆناغێکی پشێودا تێدەپەڕن، جێگری سەرۆک "جەی دی ڤانس"، مەزهەبی کاسۆلیکی خۆی گۆڕیو جۆ بایدنی سەرۆکی پێشووی ئەمریکاش یەکەم سەرۆکی کاسۆلیکی بووە لەدوای جۆن ئێف کێنێدی سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاوە.