مەسعود بارزانی: عێراق جگە لەشەڕ هیچ خێرێکی بۆ کورد نەبووە، کەرکوکی کرد بەبۆمب‌و لەخۆمانی دایەوە
  2025-05-08       626       

سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، دەوڵەتی عێراق بە نەوتی كەركوك دامەزراوە كە نەوتی كوردستانە جگە لە نەهامەتی هیچ خێرێكی بۆ كورد نەبووە، دەشڵێت "هەندێک شتی ترەمپم زۆر بەدڵە، بڕیارەكانی زۆر لەجێی خۆیدا بووە".

ئاوێنە: مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تایبەت لەگەڵ رۆژنامەنوسی ئەمریكی (تیم كۆستانتین) لە بەرنامەی "The Capitol Hill Show"دا دەڵێت "دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا پەیامی ئەرێنیان بۆ ناردین و وتیان؛ دەمانەوێت لەگەڵ كورد بگەینە لێكتێگەیشتن".

وتیشی "هانی لایەنە كوردییەكانمان دا بەیەك هەڵوێستی بچنە دیمەشق"، هاوکات بارزانی پشتیوانی رێككەوتنی واشنتۆن و تاران و چارەسەركردنی كێشەكان دەکات. بەوتەی خۆی رێككەوتنێك نەبێت کە كڕین و فرۆشتن بە خەڵكی دیکەوەی تێدا بێت.

سەبارەت بە بەغداش سەرۆکی پارتی ئاشکرایکرد "بەداخەوە بەغدا پابەند نەبووە بە دەستورەوە. دەوڵەتی عێراق بە نەوتی كەركوك دامەزراوە كە نەوتی كوردستانە. جگە لە نەهامەتی هیچ خێرێكی بۆ كورد نەبوو، هەمووی دەبوو بە بۆمبا و فرۆكە و لە ئێمە دەدرا".

"هەندێک شتی ترەمپم زۆر بەدڵە، بڕیارەكانی زۆر لەجێی خۆیدا بوو". مەسعود بارزانی وای وت

ئەوەشی خستە روو، "ئەگەر ئەمریكا نەبوایە ساڵی (1991) ئەم دەرفەتەمان بۆ نەدەرەخسا، كە بتوانین وڵاتی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە و هەوایەكی ئازادی هەڵبمژین".

ناوبراو لەبارەی ئێرانیشەوە باس لەوە دەکات، کە نەیانویستووە نە ئێران و نە هیچ وڵاتێكی تر دەستبخاتە ناو كاروبارمان و رێگەشی پێنادەین.

دەشڵێت "پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران هەندێك جار رووبەڕووی گرفت بووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان ئاساییە".

دیاریترین وتەکانی مەسعود بارزانی:

ـ لەسەر ئەو بنەمایە ئێمە هەوڵماندا لەگەڵ كوردەكانی ئەوێ‌، كە هەموویان یەك راو هەڵوێستیان هەبێت بۆ داواكارییەكانی كورد لە حكومەتی سوریا.

ـ چەند رۆژێك لەمەوبەر كۆنفرانسێك بەسترا لە قامیشلی، لەوێ‌ كوردەكان رێككەوتون لەسەر ئەوەی بە یەك هەڵوێست بچنە دیمەشق.

ـ ئێمەش پشتیوانی لەوە دەكەین لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان بەشێوەیەكی ئاشتیانە.

ـ هەرگیز نەمانویستووە هیچ گیروگرفتێكمان لەگەڵ ئێران هەبێت، بەڵام پەیوەندی نێوانمان دەبێت لەسەربنەمای رێزگرتنی هاوبەش بێت.

ـ نامانەوێت نە ئێران و نە هیچ وڵاتێكی تر دەستبخاتە ناو كاروبارمان و رێگەشی پێنادەین.

ـ پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران هەندێك جار رووبەڕووی گرفت بووەتەوە، بەڵام لە ئێستادا پەیوەندییەكانمان ئاساییە.

ـ ئێمە نامەوێت ببین بە بەشێك لەو ململانێیەی ئێران هەیەتی لەگەڵ لایەنی تر.

ـ لەگەڵ ئەوەین واشنتۆن و تاران لەڕێی دیالۆگ و گفتوگۆوە بگەنە رێككەوتن، لە دۆسیەی ئەتۆمی و هەر كێشەیەكی تر، بەڵام پێداگری دەكەین لەسەر ئەوەی رێككەوتنێك نەبێت كڕین و فرۆشتنی خەڵكی تری تێدابێت.

ـ ئەگەر ئەمریكا نەبوایە ساڵی (1991) ئەم دەرفەتەمان بۆ نەدەرەخسا، كە بتوانین وڵاتی خۆمان ئاوەدان بكەینەوە و هەوایەكی ئازادی هەڵبمژین.

ـ هەندێ شتی ترەمپم زۆر بەدڵە، هەندێك بڕیاریداوە زۆر زۆر پشتیوانی لێدەكەم، پێموایە بڕیاری زۆر لەجێی خۆیدا بوو.

ـ دەوڵەتی عێراق لەسەر نەوتی كەركوك كە نەوتی كوردستان دامەزرا، ئێمە خێرمان لەو نەوتە نەدی، هەمووی دەبوو بە بۆمباو فرۆكە و لە ئێمە دەدرا.

ـ بەداخەوە بەغدا پابەند نەبووە بە دەستورەوە، ئەو پێشكەوتنەی دەیبینیت لە كوردستان بەبێ‌ گیروگرفت بەدینەهاتووە.


 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×