دوای ئەوەی وا بڵاوکرایەوە کە تەیف سامی بڕیاریداوە ٧٠٠ ملیار دینار بنێرێت بۆ مووچەی مانگی چوار، سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، تا کۆتایی دەوامی ئەمرۆش لە بەغدا باسی وا لە ئارادا نەبووە و کێشەکە شتێکی ترە.
ئاوێنە: سەرچاوەیەک لەنێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لەگفتوگۆیەکی لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنەدا لەوبارەیەوە، دەڵێت "تا کۆتایی دەوام لە وەزارەتی دارایی عێراق بابەتی وا لە ئارادا نەبووە کە برێک پارە بنێرن و ئەویتری لە داهاتی ناوخۆ تەواو بکرێت".
لەبارەی ئەوەی کە پەرلەمان چووەتە پشوەوە بودجە چۆن تێدەپەڕێنرێت، سەرچاوەکەی ئاوێنە ئاشکرایکرد "بودجە بۆ سێ ساڵ جێگیرکراوە، هەموو ساڵێک خشتەکانی بودجە دێتەوە پەرلەمان و دەستکاری دەکرێت، بەڵام وەکو یاسای موازەنە بۆ سێ ساڵ پەسەند کراوە".
لە لایەکی ترەوە رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لەپەرلەمانی عێراق لەبارەی هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار لەلێدوانێکی تایبەتدا بە ئاوێنەی راگەیاند "وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن کە هەرێم لەو بڕە زیاتر پارەی یۆ رۆشتووە کەلە بودجەدا بۆی دیاریکراوە و رێژەکەی لەسەدا ١٢.٦٧، جگە لەوەش چاودێری دارایی کێشەی هەیە لەگەڵ کۆمەڵێک ژمارە، بۆیە وەزارەتەکە داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە تەفسیریان بداتێ، بەوتەی بەرپرسانی وەزارەتی دارایی عێراق ئەمە هۆکاری دواکەوتنی مووچەی هەرێمە".
پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەشدا کە فراکسیۆنەکەی ئەوان "لەگەڵ سەرۆک وەزیران و وەزارەتی دارایی و چاودێری دارایی و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان قسەی کردووە و فشارەکانیان زیادکردووە بۆ ئەوەی مووچەی خەڵک رەوانە بکرێت و پاشان حساباتی خۆیان لەگەڵ حکومەتی هەرێم بکەن".
ئەو پەرلەمانتارەی نەوەی نوێ قسەکانی سەرچاوەکەی پشتراستکردەوە کە بودجە بۆ سێ ساڵ پەسەندکراوە و ساڵانە تەنها خشتەکان گۆرانکاریان تیادا دەکرێت، هاوکات ئاماژەی بەوەدا کە "گەورەترین کێشە کە بۆ بودجە دروستبووە، دابەزینی نرخی نەوتە کە ٦٠ دۆلارە و لە بودجەدا بە ٧٠ دۆلار دانراوە، ئەمەش وایکردووە کورتهێنان گەورەتر ببێت بۆیە دەبێت حکومەت دەستکاری خشتەی بودجە بکات و بینێرێتەوە یۆ پەرلەمان بۆ پەسەندکردن".
رێبوار ئەورەحمان ئاماژەی بەوەشدا "هەرێم کەموکوڕی لەهەموو شتێکدا کردووە، لە لیستدا بەپێی ستانداردی عێراقی نایکات و مانگانە لیستە درەنگ دەنێرێت، بەپێی رێکەوتن دەبوو لەسەدا پەنجای داهاتی ناوخۆ رادەست بکات بەڵام کەمتر رادەست دەکەن، لەبابەتی نەوتیشدا تۆپەکەی هەڵداوەتە یاریگای کۆمپانییا نەوتییەکانەوە و تائێستا نەوت هەناردە نەکراوەتەوە".