2025-05-24   183     
دوێنێ هەینی مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن پێشوازیی لە مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد. بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 24ی ئایاری 2025، تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە رایگەیاند، "وەزیر روبیۆ و مەسرور بارزانی گفتوگۆیان لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی زیاتری بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و هەرێمی کوردستانی عێراق کرد".
ئاماژە بەوەکراوە، "وەزیر روبیۆ ستایشی سەرۆک وەزیرانی کرد بۆ یەکلاکردنەوەی گرێبەستەکان لەگەڵ کۆمپانیا ئەمریکییەکان بۆ فراوانکردنی بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق کە یارمەتیی عێراق دەدات بەرەو سەربەخۆیی وزە هەنگاو بنێت".
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتی، "مارکۆ روبیۆ و مەسرور بارزانی باسیان لە خواستی هاوبەشیان کرد سەبارەت بە پاراستنی مافەکانی کەمینە ئایینی و نەتەوەییەکان لە عێراق و سوریا، هەروەها مارک رۆبیۆ پشتیوانیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی دووپاتکردەوە بۆ هەرێمی کوردستانێکی عێراقی بەهێز و خۆڕاگر وەک کۆڵەکەیەکی بنەڕەتی ئەو پەیوەندییەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان لەگەڵ عێراق هەیەتی".