وەزارەتی نەوتی عێراق جەخت دەكاتەوە كە مامەڵەی راستەوخۆی كۆمپانیا ئەمریكییەكان لەگەڵ هەرێم، بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراق، پێچەوانەی دەستورە.
ئاوێنە: وەزارەتی نەوتی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزارەتەكەیان بەردەوام پێشوازی لە هەوڵی كاركردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان دەكات بۆ پەرەپێدانی كێڵگە نەوتی و غازییەكان لەڕێگەی پەیوەندی و گرێبەستە راستەوخۆكان بەپێی ئەوەی كە لەو بارەیەوە لە دەستوری عێراقی و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵیدا هاتوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، گرێبەستەكانی وەزارەتی نەوت بەردەوامن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان لە كەرتەكانی دیكەی نەوتدا وەك لێدانی بیرو خزمەتگوزارییەكانی هاوەڵی نەوت و خزمەتگوزارییە راوێژكارییەكان.
جەختیشی كردۆتەوە كە وەزارەتەكەیان هیچ رێگریی و تێبینییەكی نییە لە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان تەنیا ئەوە نەبێت كە مامەڵەی راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتی هەرێم بەبێ گەڕانەوە بۆ حكومەتی عێراقی و كەناڵە رەسمییەكانی، كارێكی پێچەوانەی دەستوری عێراق و یاسا بەركارەكانە.