کەناڵی بەغدادییە ڕفاندنی عەلی خەیال، پێشکەشکاری کەناڵەکەیان لە شاری هەولێر ڕاگەیاند و سەلامەتی گیانی دەخەنە ئەستۆی سەرۆکوەزیران و وەزیری پیلاندانانی عێراق، تا ئێستاش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستانەوە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی لەسەر نەدراوە.
ئاوێنە: دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کاتی وەرزشکردندا لە شاری هەولێر، عەلی خەیال، پێشکەشکاری کەناڵی بەغدادییەی عێراقی، ڕفێندرا.
کەناڵی بەغدادییە، سەلامەتی گیانی پێشکەشکارەکەیانی خستووەتە ئەستۆی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد تەمیم، وەزیری پیلاندانان کە هاوکات جێگری سوودانییە.
هەروەها بەگوێرەی ڕوونکردنەوەیەک کە کەناڵی بەغدادییە بڵاوی کردووەتەوە، محەمەد تەمیم، وەزیری پیلاندانانی عێراق لە ڕابردوودا هەڕەشەی لە عەلی خەیال کردووە و سکاڵای لەسەر تۆمار کردووە.
بەڕێوەبەرایەتی کەناڵەکە داوا لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات کە فشار لەسەر حکومەتی عێراقی بکەن بۆ پاراستنی گیانی ڕۆژنامەنووسانی ڕەخنەگر و ئازادیی ڕۆژنامەوانی فەراهەم بکەن.