مەسرور بارزانی: گرێبەستەكانمان لەگەڵ دو كۆمپانیا ئەمریكییەكە تەواو یاسایین
  2025-05-22       106       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەو دو گرێبەستەی بەم دواییە لەگەڵ دو كۆمپانیای ئەمریكی لە بواری وزە ئیمزایان كردون، "تەواو یاسایی"ن و دەشڵێت، تا كۆتایی ساڵی داهاتو كارەبای هەمو هەرێمی كوردستان دەكەنە 24 سەعاتی كە بەقسەی ئەو نرخەكەی بۆ "80%ی هاوڵاتیان هەرزانترە."

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەمیانی بانێڵێكدا لە "کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن"، لەبارەی پڕۆژەی روناكی ئاماژەی بەوەدا كە پڕۆژەكە یەكێكە لە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەكان كە شایستەی هەمو كەسێكەو دەبێت هەمو كەسێك كارەبای هەبێت.

سەرۆكی حكومەت وتیشی، لە كۆتایی ئەمساڵدا شارە سەرەكییەكانی هەرێم خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی دەبن و لە كۆتایی ساڵی داهاتوشدا هەمو هەرێمی كوردستان كارەبای 24 سەعاتی دەبێت.

بەقسەی مەسرور بارزانی، بەهۆی نەبونی سەرچاوەی پێویست، ئەوان نەیانتوانیوە كارەبای پێویست بدەنە هاولاتیان و بۆ پڕكردنەوەی كەمی كارەبا پەنابراوەتە بەر مۆلیدەی ئەهلی كە بەوەش وێڕای پیسبونی ژینگە خەڵك پارەیەكی زۆری داوەتە كارەباو كارەبا بڕانیش هەبوە.

مەسرور بارزانی وتی، "لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیەوە(پڕۆژەی روناكی)، پێش هەمو شتێك هەوڵی ئەوە دەدەین كە كارەبای 24 سەعاتی دابین بكەین كە بۆ لەسەدا 80ی خەڵكی كوردستان هەرزانتر دەبێت. تەنیا بۆ ئەوانەی كە دەیانەوێت كارەبایەكی زیاتر بەكاربهێنن (گران دەبێت) ئەوانیش دەبێت بەرپرسیارێتی ئەو كارەیان هەڵبگرن، ئەگەر نا هەرزانترە بۆ خەڵك."

هەروەها وتیشی، ئامانجی ئێمە تەنیا ئەوە نییە كە كارەبا بۆ هەرێمەكەی خۆمان دابین بكەین، ئێمە دەزانین كە تەواوی عێراق بە هەرێمی كوردستانەوە، كارەبایەكی كەمی هەیە. ئێمە توانای ئەوەمان هەیە كە سەرچاوەو غازی زیاتر بەرهەم بهێنین و بەو شێوەیە بتوانین كارەبای زیاترمان هەبێت نەك تەنیا بۆ كوردستان بەڵكو بۆ تەواوی عێراق و ئەگەر بتوانین بۆ دەوروبەریشمان.

وتیشی، بۆ من زۆر جێی شانازیمە كە بەم دواییە دو گرێبەستی گرنگمان لەگەڵ دو كۆمپانیای ئەمریكی ئیمزاكرد كە لە كوردستان  ماوەی زیاتر لە 15 ساڵە كاردەكەن، ئەوەش هاوكار دەبێت بۆ بەرهەمهێنانی غازی زیاتر كە پێویستە بۆ بەرهەمهێنانی كارەبای زیاتر بۆ هەموان. ئەمەش ئەو شتەیە كە پێموایە دەبێت بیكەین.

لەبارەی كاردانەوەكانی عێراق لەسەر ئەو گرێبەستانە مەسرور بارزانی وتی، پێموایە دەبوایە چاوەڕێیان بكردایە بزانن كە ئەم گرێبەستانە بۆ چین. ئەم گرێبەستانە لە راستیدا خزمەت بە تەواوی عێراق دەكەن و خزمەت بە سەرجەم هاوڵاتیانی عێراق دەكەن نەك تەنیا هاوڵاتیانی هەرێم. چونكە دەبنە مایەی بەرهەمهێنانی كارەبایەكی زیاتر بۆ خەڵك، بۆچی دەبێت لە دژیان بوەستیتەوە؟

مەسرور بارزانی جەختی كردەوە كە ئەو گرێبەستانە بەتەواوەتی یاسایین، چونكە ئەو دو كۆمپانیایە لە چەند كێڵگەیەكی جیاجیا لە هەرێمی كوردستان كاردەكەن و گرێبەستەكانیان براوەتەوە دادگاو سێ جار دادگا لە بەغدا لە بەرژەوەندی گرێبەستەكانیاندا بڕیاری داوە بۆیە كاركردنی ئەوان لە هەرێمی كوردستان بەتەواوەتی یاساییە.

وتیشی، دەستوریش مافی ئەوە بە هەرێمی كوردستان دەدات كە گرێبەستی زیاتر بكات لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی هەرێمدان. بۆیە ئەو كارە، كارێكی یاساییەو هەر رەتكردنەوەیەك یان بڕیارو لێدوانێك لە دژی ئەم گرێبەستانە، تەنیا لێدوانی سیاسی دەبێ و هیچی تر.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە حەزدەكەین وڵاتێكی خۆشگوزەران و سەرۆك وەزیرانێك و حكومەتێكمان هەبێت كە رێز لە دەستور بگرێت، ئێمە رێزێكی زۆرمان بۆ سەرۆك وەزیران سودانی هەیە و هیوادارین بەردەوام بێت لەوەی كە وەك سەرۆك وەزیرانی هەمو عێراق كاربكات و بە هەمان چاو سەیری هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراق بكات.

جەختیشی كردەوە، ئێمە هەمیشە گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ سودانی هەیەو بەردەوام خواستی خۆی دەربڕیوە بۆ ئەوەی پشتیوان بێت.

مەسرور بارزانی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لەبارەی سوریا وتی، هیچ گومانێكی تێدا نییه‌ كه‌ سوریا به‌ كاتێكی زه‌حمه‌تدا تێپه‌ڕیوه‌، ئه‌مه‌ سه‌رده‌مێكی تازه‌یه‌ بۆ سوریا و خه‌ڵكه‌كه‌ی، ئێمه‌ باكگراوندی هه‌مویان ده‌زانین ئه‌وانه‌ی سه‌ركرده‌ن له‌ سوریا، حكومه‌تی نوێی سوریاش پێویسته‌ ده‌رفه‌تێكی پێ بدرێت.

وتیشی، حكومه‌تی دیمه‌شق ئالنگاری له‌ به‌رده‌مدایه‌، شیاوی ئه‌وه‌یه‌ هه‌مو كه‌س هاوكاریی بكات، ئێمه‌ هاوكاریی ده‌بین. ده‌زانم ئاسان نییه‌، وڵاته‌كه‌ هێشتا ماویه‌تی و به‌ ته‌واوی كۆنترۆڵی هه‌مو شتێكی نه‌كردوه‌، جیاكارییه‌كی زۆر هه‌یه‌ و كێشه‌ و ئاڵۆزییه‌كی زۆر هه‌یه‌، بزانین داهاتوی ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ سوریا چۆن ده‌بێت، ئێمه‌ هیوادارین خه‌ڵكی سوریا به‌یه‌كه‌وه‌ كۆ ببنه‌وه‌ و هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ده‌ستورێك بنوسنه‌وه‌، كه‌ تێیدا ڕێز له‌ هه‌مو پێكهاته‌كان؛ كورد، عه‌له‌وی و عه‌ره‌ب و هه‌ر چییه‌ك بێت، گیرابێت.

سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا "پاڵپشتیی تەواوی" خۆی بۆ روانگە و ئەجێندای دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا راگەیاند و وتی"بۆ ئەوەش هاتوینەتە ئێرە کە بە ئەمریکای پێشان بدەین ئێمە تەنیا لە شەڕی دژی تیرۆر بەتوانا نین، بەڵکو دەتوانین هاوپەیمانی دروستبکەین بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵک."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×