ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان كۆبوەوەو لە راگەیەندراوێكدا دەڵێت، لە نزیكترین كاتدا كۆنگرەی پێنجەمی حزبەكەیان دەبەستن.
ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەسەرپەرشتیی عەلی باپیر، سەرۆكی حزبەكە كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام داوە و چەند پرس و تەوەرێكی تاوتوێ كراون و بڕیاریان لەبارەوە دراوە.
ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵ لە راگەیەندراوی كۆبونەوەكەدا وتویەتی، بەداخەوە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی فراوانی نێو پارت و لایەنە سیاسییەكانی دەرەوەی دەسەڵات، بێ ئەنجام دەرچون و "ئەگەر پێویستی كرد لەكاتی خۆی هۆكارەكانی پێكنەهێنانی هاوپەیمانی باس دەكەین."
پرسی بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵی دادگەری یەكێكی دیكە بوە لەو بابەتانەی لە كۆبونەوەكەدا باسیان لێوە كراوەو ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵ رایگەیاندوە"لە نزیكترین كاتدا كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵ گرێ دەدرێت."
ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری هەروەها هیواشی خواستوە "دادگای فیدراڵی بە گرنگییەوە لەو سكاڵایەی كۆمەڵ بكۆڵێتەوە كە پێشكەشی دادگاكەی كردوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی كردوە، بەهۆی ئەوەی بە ئەركی سەرشانی هەڵنەستاوەو تا ئێستا نەیتوانیوە سەرۆكایەتییەكەی هەڵبژێرێ و وا بۆ دو ساڵ زیاتر دەبێ حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی هەرێم وادەی یاساییان بەسەرچوەو كاربەڕێكەرن."
دەقی راگەیەندراوەكە:
بەلاغی ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
بسم اللە الرحمن الرحیم
ئەمڕۆ پێنجشەممە ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان بەسەرپەرشتیی مامۆستا عەلی باپیر سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجام دا و چەند پرس و تەوەرێكی گرنگ باسیان لێوە كراو هەڵوێست و بڕیاری پێویست لەبارەیانەوە دەركرا.
- لەسەر پرسی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ 2025 ئەنجام بدرێت، كۆمەڵی دادگەری هەرزو بە گیانی لەخۆبردوییەوە هەنگاوی نا و خواستی پێكهێنانی هاوپەیمانییەكی فراوانی هەبو لە پارت و لایەنە سیاسییەكان و چەند كەسایەتییەكی دەرەوەی دەسەڵات. لە ماوەی ڕابردودا كۆبونەوەی زۆر كران و كۆمەڵ جگە لە خواست و بەرژەوەندیی خەڵك و هاوڵاتییان هیچ جۆرە داواكارییەكی نەبو لە پێكهێنانی هاوپەیمانی، بەڵام بەداخەوە هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیی فراوان بێئەنجام دەرچون.
كۆمەڵی دادگەری هەر بەوەوە نەوەستا، بەڵكو هەوڵی پێكهێنانی هاوپەیمانیی دیكەی دا لەپێناو گێڕانەوەی هیوا و متمانەی خەڵكی بە هەڵبژاردنەكان، بەڵام بەداخەوە هیچكام لە هەوڵەكان ئەنجامیان نەبو، بۆیە ناچارین بە هەمولایەك ڕابگەیەنین كە بەداخەوە هەرچەندە هەوڵمان زۆر دا، بەڵام ئەوەی مەبەست بو لە پێكهێنانی هاوپەیمانی بەدەستەوە نەهات و ئەمجارەش هێزە ئۆپۆزسیۆنەكان نەیانتوانی پێكەوە بە پلانی تۆكمەوە بەشداریی هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بكەین. (ئەگەر پێویستی كرد لەكاتی خۆی هۆكارەكانی پێكنەهێنانی هاوپەیمانی باس دەكەین).
-پرسی بەستنی كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵی دادگەری یەكێكی دیكە بو لەو بابەتانەی باسیان لێوە كرا، ئەنجومەنی باڵا گوێی گرت بۆ ڕاپۆرتی سەرۆكی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەو هەنگاوەكانی كۆبونەوە گشتییەكان و ئەوەی پێی گەشتون، ئەنجومەنی باڵا سوپاسی كارو ماندوبونی لیژنەی باڵای ئامادەكاریی كۆنگرەی كرد كە دڵسۆزانە و لە كەمترین ماوەدا توانییان كۆبونەوە گشتییەكان لە تەواوی ئۆرگان و شار و شارۆچكەكان بە سەركەوتویی ئەنجام بدەن، هەروەها سوپاسی تەواوی ئۆرگانەكانی كرد كە بەباشی و بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی كۆمەڵ بەشدار بون لە كۆبونەوە گشتییەكان و پابەندبون بەبڕیارەكانی لیژنەی باڵا، بە پشتیوانیی خوا لە نزیكترین كاتدا كۆنگرەی پێنجەمی كۆمەڵ گرێ دەدرێت.
-ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەری هیوای خواست دادگای فیدراڵی بە گرنگییەوە لەو سكاڵایەی كۆمەڵ بكۆڵێتەوە كە پێشكەشی دادگاكەی كردوەو داوای هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستانی كردوە، بەهۆی ئەوەی بە ئەركی سەرشانی هەڵنەستاوەو تا ئێستا نەیتوانیوە سەرۆكایەتییەكەی هەڵبژێرێ و وا بۆ دو ساڵ زیاتر دەبێ حكومەت و تەواوی دامودەزگاكانی هەرێم وادەی یاساییان بەسەرچوەو كاربەڕێكەرن.
-هێرش و پەلامارە بێبەزەییانەكانی قەوارەی زایۆنیش بۆ سەر غەزەو هەوڵی پاكتاوكردنی دانیشتوانەكەی و بێدەنگیی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دەوڵەتانی عەرەبی و ناوچەكەش مایەی نیگەرانییەو هەمو لایەك لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی گەورەدان لەبەردەم خوا و پاشان مرۆڤایەتی.
ئەنجومەنی باڵای كۆمەڵی دادگەریی كوردستان
22/5/2025