وەزیری وزەی ئەمریكا: وەبەرهێنانەكانمان لە هەرێمی كوردستان زیاتر دەكەین
  2025-05-22       174       

وەزیری وزەی ئەمریكا رایگەیاند، وەبەرهێنانەكانمان لە هەرێمی كوردستان زیاتر دەكەین. مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتیش دەڵێت، گوێمان لە پشتیوانی ئیدارەی ترەمپ بو.

ئاوێنە: کریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریکا لە میانەی پانێڵێکدا لە کۆنفرانسی وزە لە واشنتۆن رایگەیاند، "وەبەر‌هێنان لە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان سودی بۆ هەمو لایەک هەیە، چونکە هەرێمی کوردستان ناوچەیەکی گرنگی وزەیە، بۆیە زۆر گرنگە پەرە بە کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان بدرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "ئامانجی ئێمە ئەوەیە لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە کارەبا بگەیەنینە دراوسێکان".

وەزیری وزەی ئەمریکا وتی، "وەبەرهێنانەکانمان لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەکەین و دەمانەوێت پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی کوردستان پەرەپێبدەین."

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێم، ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم كریس رایت، وەزیری وزەی ئەمریكا لە واشنتۆن كۆبونەتەوە.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، وەزیری وزەی ئەمەریکا، پشتیوانیی وڵاتەکەی بۆ هەردو ڕێککەوتننامەکە لەگەڵ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە بواری وزە و پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە کوردستان دەربڕی.

هەروەها ئاماژە بەوەشدراوە، سەرۆکی حکومەت لە كۆبونەوەكەدا کورتەیەکی دەربارەی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا، بە تایبەتی وزە و پڕۆژەی ڕوناکی و هەژماری من و بنیاتنانی ژێرخانێکی بەهێزی ئابوری خستەڕو.

هاوكات مەسرور بارزانی لە پانێڵەكەدا جەختی كردەوە كە گرێبەستەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ دو كۆمپانیا ئەمریكییەكە تەواو یاسایین و وتیشی، بەگوێرەی دەستور هەرێمی كوردستان مافی ئەوەی هەیە گرێبەستی زیاتر بكات لەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتیدان.

پاش پانێڵەكەش، مەسرور بارزانی لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریكا وتی "کۆبونەوەیەکی زۆر باشمان هەبو، قسەی زۆر باشیش کرا، گوێمان لە پشتیوانیی ئیدارەی سەرۆک ترەمپ بو کە ئەوان ئامادەن پشتگیری هەم لەم گرێبەستانە بکەن، هەم لە درێژەپێدانی پەیوەندییەکان بکەن لە هەمو ئاستێکدا."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەشدا "ئێمە لە ئەمریکا دۆستی زۆرمان هەیە، لەنێو کۆنگرێس و لە ئیدارەش، ئێمەی خەڵکی کوردستان کە هاوپەیمانێکی راستەقینە بووین، لە شەڕ و دژایەتیکردنی تیرۆریزمدا بەیەکەوە وەستاوین، دووپاتمان کردووەتەوە کە دەتوانین هاوپەیمانی متمانەپێکراو بین، بۆیە زۆر ئاسانە کە ئەم قەناعەتە بە ئەوان بکەین."

لەبارەی دو گرێبەستەكەش لەگەڵ كۆمپانیا ئەمریكییەكان، مەسرور بارزانی وتی"ئێمە بەرپرسین لەو بڕیارانەی کە خۆمان دەیدەین، ئێمە بڕیارمانداوە بۆ پەرەپێدانی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستان کە بێگومان ئەنجامەکەی بۆ هەمو خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق دەبێت، لەبەرئەوە خەڵکی دیکە چۆن لێکدانەوە دەکەن کەیفی خۆیانە، گرنگ ئەوەیە ئەم گرێبەستانە لە بەرژەوەندیی هەمو خەڵکی عێراقن."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×