"وەفدێكی هەرێم، بۆ رونكردنەوەی سروشتی گرێبەستەكان لەگەڵ دو كۆمپانیای ئەمریكی، دەچێتە بەغدا"
  2025-05-21       269       

پێگەیەكی عێراقی بڵاویكردەوە، هەفتەی داهاتو وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات بەمەبەستی رونكردنەوەی سروشتی ئەو دو گرێبەستەی بواری وزە كە لەگەڵ دو كۆمپانیای ئەمریكی ئەنجامی داون و لەلایەن وەزارەتی نەوتی عێراقەوە رەتكراونەتەوە.

ئاوێنە: پێگەی "بەغداد ئەلیەوم"، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، لەدوای گەڕانەوەیان لە ئەمریكا، هەفتەی داهاتو وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی كەمال محەمەد، وەزیری سامانە سروشتییەكان سەردانی بەغدا دەكات.

ئەوەش خراوەتەڕو، ئامانج لە سەردانەكە، رونكردنەوەی سروشتی ئەو دو گرێبەستەیە كە حكومەتی هەرێم لە ئەمریكا لەگەڵ دو كۆمپانیای ئەمریكا لە بواری وزە ئیمزای كردون.

رۆژی دوشەممە، 19-5-2025، لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا لە واشنتۆن، بە ئامادەبونی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان دو گرێبەستی لە بواری وزەدا، بە بەهای زیاتر لە 100 ملیار دۆلار، لەگەڵ هەردو كۆمپانیای ئەمریكی وێسترن زاگرۆس و ئێچ كەی ئێن ئینێرجی، ئیمزاكردن.

رۆژی دواتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێكدا وتی"رێکارەکانی تایبەت بە گرێبەستی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان لە کێڵگەی میران و کێڵگەی تۆپخانە-کوردەمیر لە پارێزگای سلێمانی رەتدەکەینەوە".

 وەزارەتی نەوتی عێراق جەختی كردەوە كە "سامانی نەوت موڵکی سەرجەم نەوەکانی گەلی عێراقە و هەر وەبەرهێنانێک لەو سامانەدا دەبێت لە رێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە بێت" و وەزارەتەكەیان "بە پشتبەستن بە دەستوری عێراق و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی، پوچەڵبونی ئەو گرێبەستانە دوپات دەکاتەوە".

هەمان رۆژ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێم لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی وەزارەتی نەوتی عێراقدا رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوەو وتی، ئەو دو رێككەوتننامەیەی كە كراون، "ڕێککەوتننامە و گرێبەستی نوێ نین بەڵکو پێش چەندین ساڵە هەن و دادگاکانی عێراقیش دانی بە یاسایی و ڕەواییاندا ناوە و هیچ کێشەیەکی یاساییان نییە".

بەپێی رونكردنەوەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، تەنیا کۆمپانیای ئەنجامدەری گرێبەستەکان گۆڕاون لە چوارچێوەی ڕێکارە یاسایی و گرێبەستییەکانی هاتو لە ڕێکەوتننامەکان و هەردو کۆمپانیا ئەمەریکییەکەش، چەندین ساڵە پەرە بە وەبەرهێنان دەدەن لە بواری نەوت و گاز و لە بەرهەمهێنەرە سەرەکییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانن و وەبەرهێنەری نوێ نین.

جەختیشی كردەوە كە ئامانج لەو ڕێککەوتننامە و گرێبەستانەش، پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆییە لە ڕێگای زیادکردنی بەرهەمی گازی سروشتیی بۆ دابینکردنی سوتەمەنی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بە ئامانجی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوام بۆ هەمو ناوچەکانی عێراق.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×