پژاك: چەك دانانێین و خۆشمان هەڵناوەشێنینەوە
  2025-05-20       319       

ئەمیر كەریمی، هاوسەرۆكی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاك) ڕایگەیاند،  بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانی كرای پەكەكە بۆ ئەو خۆهەڵوەشاندنەوەی ئەو حزبە و چەكدانان، پەیوەندی بەوانەوە نیە و چەك دانانێن، دەشڵێت، "بنەمای تێكۆشانی پژاك، پێداگرییە لەسەر چارەسەری پرسی كورد لە ئێران".

ئاوێنە: ئەمیر كەریمی، لە دیدارێكی تایبەتدا لەگەڵ كەناڵی "ئاریان تیڤی" رایگەیاند، بانگەوازەكەی ئۆجەلان هەنگاوێكی جددی و مێژوییە بۆ پرۆسەی ئاشتی، بەڵام خۆهەڵوەشاندنەوەی پەكەكە پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، نە چەك دادەنێن و نەخۆشیان هەڵدەوەشێنینەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، بنەمای تێكۆشانی پژاك، پێداگرییە لەسەر چارەسەری پرسی كورد لە ئێران، لەگەڵ ئەوەدان كێشەی كورد بچێتە نێو سیاسەت و لەبەكارهێنانی توندوتیژی دوربكەوێتەوە، بەڵام بەكارهێنانی چەك لەپێناو خۆپارێزییە و مافێكی رەوایە.

هاوسەرۆكی پژاك باسی لەوەشكرد، هێزەكانیان لە ساڵی 2011ـەوە ئاگربەستیان لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندوە و ئەگەر هێرش نەكرێتە سەریان هیچ چالاكییەك ئەنجام نادەن.

ئەوەشیخستەڕو، ژیانی هاوبەشە لەگەڵ گەلان بەشێوەیەكی دیموكراتی بنەمای كاری سیاسیانە و بانگەوازەكەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ ئەوان نوێ نییە و توشی سەرسوڕمانی نەكردون، چونكە دەمێكە خیمان بۆ ئەو رۆژە ئامادەكردوە.

ئەوە لەكاتێكدایە لە كۆتاییەكانی مانگی (شوبات/2)ـی ئەمساڵ عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لە بانگەوازێكدا، داوای هەڵوەشانەوە و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری لە پارتەكەی كرد. 

ڕۆژی 12ـی ئەم مانگە پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) ئەنجامنامەی 12هەمین کۆنگرەی خۆی بڵاوکردەوە و ڕایگه‌یاند، لە کۆنگرەکەدا بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی هەیکەلی ڕێكخستنی په‌كه‌كه‌ و کۆتایی بە خەباتی چەکداری دراوە، بەوەش کۆتایی بەو چالاکییانە هێنرا کە لەژێر ناوی په‌كه‌كه‌دا ئەنجام دەدرێن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×