کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رایگەیاند، دادگای سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بەسەر بكوژی شوعەیب زارعی، پێشمەرگە و كادری حزبەكەیاندا سەپاندوەو دەشڵێت، ئەم حوکمەی دادگای سلێمانی، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە سەلماندنی تێوەگلانی راستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، لە تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی سنورەکانی ئەو وڵاتە.
ئاوێنە: کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا، دوێنێ 18ی ئایار، دادگای تاوانەكانی سلێمانی بڕیارێکی سەربەخۆی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ عەلی ئەحمەدی بە تاوانی تیرۆرکردنی هاوڕێ شوعەیب زارعی دەرکرد.
بەپێی راگەیەندراوەكەی كۆمەڵە، ڕۆژی 16ی ئازاری 2024، شوعەیب زارعی، کادرو پێشمەرگەی كۆمەڵە، لە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئاشکرادا لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کەسێک بە ناوی عەلی ئەحمەدی، بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی ئێران، تیرۆر کراو هەر لەو ڕۆژەدا ئەنجامدەری تیرۆرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکرا.
كۆمەڵە وتوشیەتی، دوای سێ دانیشتنی دادگا و بەدواداچونی بەردەوامی کۆمەڵە، سەرئەنجام ڕۆژی یەکشەممە 18ی ئایاری 2025، دادگای سزای تاوانەکانی سلێمانی بڕیارێکی سەربەخۆی دەرکرد و سزای لەسێدارەدانی بۆ عەلی ئەحمەدی بە تاوانی تیرۆرکردنی شوعەیب زارعی دەرکرد.
كۆمەڵە جەختی كردۆتەوە كە "ئەم حوکمەی دادگای سلێمانی، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە سەلماندنی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، لە تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران."
ئاماژەی بەوەشداوە"ئەم بڕیارەی دادگای سلێمانی وەکو پەیامێک ئەبینین بۆ هەمو بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی پاشگەزبنەوە لە هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی و هۆشداری دەدەین کە هەر بێدەنگی و بێهەڵوێستییەک لەبەرامبەر ئەم جۆرە کارانەدا، زەمینە بۆ دوبارەبونەوەی تاوانە هاوشێوەکان خۆش دەکات."
كۆمەڵە لە كۆتایی راگەیەندراوەكەیدا سوپاسی دادگاو ئاسایشی سلێمانی كردوە کە "بوێرانە و سەربەخۆیانە لەم کەیسەدا، هەڵسوکەتیان کردو توانیان بە بێ دەستێوەردان بڕیاری کۆتایی دەربکەن."
دەقی راگەیەندراوەكەی كۆمەڵە:
بکوژی هاوڕێ شوعەیب زارعی، پێشمەرگەو کادری کۆمەڵە، سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپا
ڕۆژی ٢٦ی ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ١٦ی مارسی ٢٠٢٤ی زایینی، هاوڕێ شوعەیب زارعی، کادری تێکۆشەری کۆمەڵەی شۆڕشگێری زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە کردەوەیەکی تیرۆریستی ئاشکرادا لە هەرێمی کوردستان لە لایەن کەسێک بە ناوی عەلی ئەحمەدی، بەکرێگیراوی کۆماری ئیسلامی ئێران، تیرۆر کرا.
ئەم تاوانە نەک هەر هێرشێکی ڕاستەوخۆ بۆ سەر ژیانی چالاکوان و تێکۆشەرێکی سیاسی کورد بو، بەڵکو نیشانەیەکی ڕونی درێژەدان بە سیاسەتی تیرۆرو نەهێشتنی نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە دەرەوەی سنورە جوگرافیاکانی ئێران بو.
هەر لەو ڕۆژەدا ئەنجامدەری تیرۆرەکە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانییەوە دەستگیرکرا. دوای سێ دانیشتنی دادگاو بەدواداچونی بەردەوامی کۆمەڵە، سەرئەنجام ڕۆژی یەکشەممە ٢٨ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی بەرابەر لەگەڵ ١٨ی مەی ٢٠٢٥ی زایینی، دادگای سزای تاوانەکانی سلێمانی بڕیارێکی سەربەخۆی دەرکردو سزای لەسێدارەدانی بۆ عەلی ئەحمەدی بە تاوانی تیرۆرکردنی هاوڕێ شوعەیب زارعی دەرکرد.
ئەم حوکمەی دادگای سلێمانی، بەڵگەنامەیەکی گرنگە لە سەلماندنی تێوەگلانی ڕاستەوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێران و دەستوپێوەندەکانی، لە تیرۆری چالاکانی سیاسی لە دەرەوەی سنورەکانی ئێران.
ئێمە ئەم کردەوە تیرۆریستییە بە نمونەیەکی بابەتی و ئاشکرای دەزاگای تیرۆری کۆماری ئیسلامی دەزانین کە تا ئێستاش چالاکەو مەترسی لەسەر ژیانی چالاکانی سیاسی و بەتایبەتی ئەندامان و کادرو پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی داناوە.
بەداخەوە ئەمە یەکەم تاوانی لەو شێوەیە نییەو نابێت، مەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان هەڵوێستێکی پتەو و بەرپرسیارانە و ڕون لە دژی ئەم سیاسەتە نەگریسەی کۆماری ئیسلامی ئێران نیشان بدەن.
سەرەڕای پێداگریی کۆمەڵە لەسەر خەباتی مەدەنی، بەهێزکردنی بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکان و دورکەوتنەوە لە توندوتیژی، بەڵام هێشتا کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە تیرۆر و توندوتیژی و هەر لێرەوە ڕایدەگەیەنین تیرۆر وەڵامێکە بۆ خەباتی مەدەنی کۆمەڵە کە ساڵەهایە لەم پێناوەدا کاری کردوەو کاریگەری لەسەر خەباتی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات بوە. ئێمە وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی قوڵی خۆمان بۆ بنەماڵەو هاوڕێیانی شوعەیب زارعی، ئەم بڕیارەی دادگای سلێمانی وەکو پەیامێک ئەبینین بۆ هەمو بەکرێگیراوانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ ئەوەی پاشگەزبنەوە لە هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنیەتییەکانی کۆماری ئیسلامی و هۆشداری دەدەین کە هەر بێدەنگی و بێهەڵوێستییەک لەبەرامبەر ئەم جۆرە کارانەدا، زەمینە بۆ دوبارەبونەوەی تاوانە هاوشێوەکان خۆش دەکات.
داوا لە هەمو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیای سەربەخۆ و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و کۆمەڵگە نێودەوڵەتییەکان دەکەین کە بەرپرسیارێتی پاراستنی مافی مرۆڤ و یاسایی خۆیان بەجێبگەیەنن و لە بەرامبەر دوبارەبونەوەی ئەو کارە نامرۆڤانەیە بێدەنگ نەبن.
هەروەها پێویستە، سپاسی دادگاو ئاسایشی سلێمانی بکەین کە بوێرانەو سەربەخۆیانە لەم کەیسەدا، هەڵسوکەتیان کردو توانیان بە بێ دەستێوەردان بڕیاری کۆتایی دەربکەن.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
ناوەندی ڕاگەیاندن
٢٩ی گوڵانی ١٤٠٤ی هەتاوی
١٩ی مەی ٢٠٢٥ی زایینی