بە پێی ئاماری مانگانەی ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران، لە مانگی ڕابردوودا ١٠٨ زیندانی کورد و ئێران لەسێدارە دراون، هەروەها ٩٠٠ کەسیش لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی ئەمنی دەستگیر کراون.
ئاوێنە: ماڵپەری دەنگی دەستگیرکراوەکانی کورد و ئێران لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماری پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە مانگی ڕابردوودا بڵاوکردەوە، لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ١٠٨ زیندانی لەسێدارە دراون، کە لەو ژمارەیە سێ کەسیان ژن بوون، هەروەها لەو ژمارەیەدا ١١ کەسیان بەلووچی، حەوت کەسیان کورد و شەش کەسی دیكەیان خەڵکی ئەفغانستان بوون.
ئاماژە بەوەشکراوە، هەر لە ماوەی ئەو مانگەدا ٩٠٠ کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تۆمەتی ئەمنی و بە بێ فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون.
باس لەوەشکراوە، هەر لە ماوەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە شارە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ٢١ کەس بە هەڕەمەکی لە لایەن چەکدارەکانی ئێرانەوە کوژراون، کە یەکێکیان کۆڵبەرێکی کورد بووە و دووانیان بەهۆی ئەشکەنجەی هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە گیانیان لەدەستداوە.