عومەر گوڵپی: وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕێگەی نەداوە بەغدا پشكنین و وردبینی بۆ گرێبەستەكانی نەوت بكات
  2025-07-04       224       

عومەر گوڵپی رایدەگەیەنێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی كاربەرێكەری هەرێم ڕێگەیان نەداوە دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا پشكنین و وردبینی بۆ گرێبەستەكانی نەوت بكەن.

ئاوێنە: عومەر گوڵپی لە هەژماری تایبەتی خۆی بڵاویكردەوە، "بەپێی كۆتا ڕاپۆرتی هاوبەشی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا كە لە (1ی 4 تا 30ی 6ی 2024) ئەنجامدراوە، بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕێگەیان نەداوە پشكنین و وردبینی بۆ گرێبەستەكانی نەوت بكەن".

ئاماژەی بەوەشكردوە، لەو ڕۆژەوەی نەوت لە هەرێمی كوردستان دەرهێنراوە، ڕێگە نەدراوە بە هیچ دەزگایەكی وردبینی و پشكنین وەك پەرلەمان و دیوانی چاودێریی دارایی هەرێم پشكنین بۆ گرێبەستی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت بكرێت!

دەشڵێت، "شاردنەوەی هەر گرێبەستێك لە نێوان حكومەت و كەرتی تایبەتدا بێجگە لەوەی بە تاوان ئەژمار دەكرێت، لە هەمانكاتدا گومانی گەورە لەسەر پڕۆسەكە دروست دەكات".

ئەوەشی خستەڕو، "نەوتی هەرێمی كوردستان كە بوەتە هۆی بڕینی بودجە و موچەی كوردستان لە بەغداوە، لە ناوخۆش بێجگە گروپێكی بچوكی حكومڕان و كۆمپانیای بیانی و بۆری گواستنەوەی نەوت لە هەرێم و توركیا، خەڵكی كوردستان سودی لێوەر نەگرتوەو بوەتە هۆی قەرزاریی هەرێم".

وتیشی، "كۆتا داواكاریی بەغدا ڕادەستكردنی ڕۆژانە (400 هەزار) بەرمیل نەوتی هەرێمە بەپێی یاسای بودجە و بڕیاری دادگای فیدڕاڵی، بەڵام بەرپرسانی هەرێم لەمپەر بۆ ڕادەستكردنی نەوت بە بەغدا و فرۆشتنی لە ڕێگەی سۆمۆوە دەكەن، كاتێكیش خۆیان بە تەنكەرو پاڵاوگە دەیفرۆشن یەك دیناری نادەنە خەزێنەی گشتی".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×