كاروان یاروه‌یس ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كێتی له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، رێكه‌وتنی زاره‌كی كراوه بۆئه‌وه‌ی جوڵاندنی هێز بۆسه‌ر چاڵه نه‌وته‌كه‌ی ناحیه‌ی كۆكس له‌سنوری ئیداره‌ی گه‌رمیان رابگیرێت.
ئاوێنە: كاروان یاروه‌یس له‌په‌یامێكدا بڵاویكرده‌وه، "له‌په‌یوه‌ندیماندا له‌گه‌ڵ خالید شوانی رایگه‌یاند كه جوڵاندنی هێز و ناردنی بۆ سه‌ر چاڵه نه‌وته‌كه‌ی سه‌ربه ناحیه‌ی كۆكسی ناوچه‌ی زه‌نگاباد، رێكه‌وتنی زاره‌كی كراوه كه جوڵاندنی هێز بوه‌ستێنرێت، ئه‌مشه‌و فه‌رمانده‌ی گشتی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانیش رونكردنه‌وه‌یه‌ك بڵاو ده‌كاته‌وه".
راشیگه‌یاندوه، "به‌پێی قسه‌ی فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی دیاله، بونی هێزی دژه‌تیرۆری عێراق و كۆماندۆی كوردستان په‌یوه‌ندی به‌و چاڵه نه‌وتانه‌وه نیه، به‌ڵكو بۆ ئه‌ركێكی هاوبه‌شی ئه‌منیه".
كاروان یاروه‌یس ده‌شڵێت، "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌گه‌ڵ خالید شوانی وه‌زیری دادی عێراق و لیوا ئه‌كره‌م سه‌دام فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه هاوبه‌شه‌كانی دیاله و به‌رێوبه‌ری ناحیه‌ی كۆكس و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان له به‌دواداچونداین".
پێشتریش، شانه‌ی ڕاگه‌یاندنی ئه‌منی عێراق، جوڵه‌ی نائاسایی یه‌كه‌كانی سوپای عێراق و حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی له‌ناوچه سنوریه‌كانی هاوبه‌شی نێوان به‌غدا و هه‌رێم ره‌تكرده‌وه و رایگه‌یاند، هیچ كرده‌وه‌یه‌كی تاكلایه‌نه له‌لایه‌ن هیچ پێكاهاته‌یه‌كی سه‌ربازیه‌وه نییه.