یەکێتی خانەنشینانی هەرێم ڕایگەیاند: “داوا لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی 100 هەزار دینارەکە بۆ خانەنشینان بگەڕێندرێتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بڕیاری تەواوەتی نەدراوە و هیچ ئاسۆیەکی روون لەو بارەیەوە نییە”.
ئاوێنە: ئەمڕۆ سێشەممە، ٢٠ی ئایاری ٢٠٢٥، سادق عوسمان، وتەبێژی یەکێتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی 100 هەزار دینارەکەی خانەنشینان وتی: خانەنشینانی هەرێم چاوەڕوانی بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراقن بۆ ئەوەی ئەو پارەیەیان بۆ بگەڕێندرێتەوە و داوا لە سودانی کراوە بۆ گەڕاندنەوەی، بەڵام هیچ ئاسۆیەکی روون لەو بارەیەوە نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی ٢٤ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا ١٠٠ هەزار دینار بۆ ئەو خانەنشینانە زیادبکات کە مووچەکەیان لە یەک ملیۆن دینار کەمترە و دواتر بڕیارەکە خانەنشینانی هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە و ساڵی رابردوو ئەو ١٠٠ هەزار دینارەیان پێدرا، بەڵام هەر زوو بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.