ئەمڕۆ سێشەممە مەسرور بارزانى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لە واشنتنى پایتەختى ئەمریکا چاوى کەوت بە جۆ ویڵسنت کۆنگرێسمانى ئەمریکى.
مەسرور بارزانى دەڵێت، بیروڕامان لە بارەی پێویستیی پەرەپێدان و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا ئاڵوگۆڕ کرد.
هەروەها راشیگەیاندووە، سوپاسی ئەمەریکا و بە تایبەتی کۆنگرێسمان ویڵسنمان کرد بۆ پشتیوانیی بەردەوامییان لە هەرێمی کوردستان.
ئەوەشى راگەیاندووە، کۆنگرێسمان جۆ ویڵسن، پشتگیریی خۆی بۆ کوردستانێکی بەهێز دووپات کردەوە و پیرۆزبایی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکانی بواری وزە کە دوێنێ لە واشنتن کران.
شایەنى باسە جۆ ویڵسن لەمساڵدا چەندین جار لە تۆڕى ئێکس پشتیوانى خۆى بۆ هەرێمى کوردستان دەربڕیوە و لە یەکێک لە پۆستەکانیدا هەڕەشەى لە تەیف سامى وەزیرى داریى عێراق کردبوو، نووسیبووى، ئەگەر بەغدا چارەسەرى کێشەى مووچەى هەرێمى کوردستان نەکات و تەیف سامى گرفتى مووچەیان بۆ دروست بکات، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکى ئەمریکا چارەسەرى ئەو بارودۆخە دەکات.