لەسەر كەیسی گیانلەدەستدانی "شیلان ئیسماعیل" لە زاخۆ، بە بڕیاری دادوەر، پزیشكێك و دو كارمەندی تەندروستی لە زاخۆ دەستگیركران.
ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، پێنج كەس لەو پزیشك و كارمەندە تەندروستییانەی كە لەسەر كەیسی بە هەڵە خوێنپێدان و گیانلەدەستدانی "شیلان ئیسماعیل" لە نەخۆشخانەیەكی زاخۆ، داواكرابون، چونە بەردەم دادوەر.
بەگوێرەی زانیارییەكان، بەبڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە، سێ كەس لەو پێنج كەسە كە پزیشكێك و دو كارمەندی تەندروستین و هەردوكیان ئافرەتن، دەستبەسەركراون و دوانەكەی دیكە بە كەفالەت ئازادكراون.
بڕیارە سبەی سێشەممە، لەسەر هەمان كەیس، سێ كەسی دیكە بچنە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە.
ئەو پزیشك و كارمەندانە لەو شەوەدا كە شیلان ئیسماعیل بێهۆش بوە لە ئەركدا بون و نەرشتەرگەرییان بۆ كردوەو خوێنیان پێداوە.
شیلان ئیسماعیل، تەمەن 38 ساڵ و دایکی حەوت منداڵ بو، دوای ئەوەی بەهۆی هەڵەپێدانی خوێن و تێکەڵکردنی جۆرەکانی خوێنەوە بۆ ماوەی 17 رۆژ لەژێر چاودێریی چڕدا بێهۆش بو، گیانی لەدەستدا.