تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی رایگەیاند، هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر گوندەكانی دەوروبەری چیای گارە بەردەوامن و ئەمڕۆ یەكشەممە، تۆپخانەكانی توركیا 35 جار چیای گارەو ئەو گوندانەی بۆردومان كردون.
ئاوێنە: كامەران عوسمان، ئەندامی تیمی كوردستانی رێكخراوی سی پی تی ئەمریكی، ئاشكرایكرد، لە کاتژمێر 9:10 خولەکی سەر لە بەیانی ئەمڕۆوە تاوەکو کاتژمێر 3ی دوانیوەڕۆ، تۆپخانەکانی سوپای تورکیا 35 جار تۆپبارانی چیای گارە و ناو گوندەکانی (مژێ، کەفنە مژێ، دێرەشێ، سپیندارێ و گرگاشێ)یان لە بەری گارە لە سنوری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک کردوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، تۆپبارانەکان بۆ ناو ڕەزو باخی هاوڵاتیان و خانوی چۆڵکراوی گوندنشینان بون، بەهۆیەوە زیان بەر کێڵگەی کشتوکاڵی، خانو و ڕەزی جوتیارانی ئەو گوندانە کەوتوە.