عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لەمیانی گەشتەكەیدا بۆ وڵاتانی ناوچەكە، "درۆ"ی كرد كاتێك باسی ئاشتی كرد. دەشڵێت، هەندێك لە قسەكانی ترەمپ، هێندە لە "ئاستێكی نزمدان"، شایستەی وەڵامدانەوە نین.
ئاوێنە: عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی دیدارێكیدا لەگەڵ بەشێك لە مامۆستایانی وڵاتەكەی، وتی"هەندێك لەو قسانەی كە سەرۆكی ئەمریكا لەمیانی گەشتەكەیدا بۆ ناوچەكە كردنی، هەر شایستەی وەڵامدانەوە نین. ئاستی قسەكان ئەوەندە نزمن كە مایەی سەرشۆڕین بۆ خاوەنی قسەكان و مایەی سەرشۆڕیشن بۆ گەلی ئەمریكا."
لەگەڵ ئەوەش خامنەیی وتی"بەڵام دەبێت لەسەر یەك دو رستەی ترەمپ بوەستین. ترەمپ وتی كە دەیەوێت هێز لەپێناو ئاشتی بەكاربهێنێت. درۆی كرد. ئەو و بەرپرسان و حكومەتەكانی ئەمریكا، هێزیان بەكارهێناوە بۆ كۆمەڵكوژكردنی غەززەو نانەوەی شەڕ لە هەر شوێنێك كە بتوانن، بۆ پشتیوانیكردن لە بەكرێگیراوەكانی خۆیان. هێزیان بۆ ئەمە بەكارهێناوە، كەی هێزیان بۆ بەدیهێنانی ئاشتی بەكارهێناوە."
بەقسەی خامنەیی "دەكرێت سود لە هێز وەربگیرێت بۆ ئاشتی و ئاسایش، هەر لەبەرئەوەیە كە ئێمە بەكوێرایی چاوی دوژمنان، هەمو رۆژێك هێزی خۆمان و هێزی وڵاتەكەمان زیاتر دەكەین، بەڵام ئەوان ئەوەیان نەكردوە، ئەوان سودیان لە هێز وەرگرتوە بۆ ئەوەی بۆمبی 10 تۆنی بدەنە رژێمی زایۆنی تا بۆردومانی منداڵانی غەززەو نەخۆشخانەو ماڵی خەڵكی پێبكات لە لوبنان."
هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا رێبەری باڵای ئێران وتی"سەرۆكی ئەمریكا نمونەیەك بۆ ئەم وڵاتە عەرەبیانە پێشنیار دەكات كە بەوتەی خۆی، بەو نمونەیە، ئەو وڵاتانە بەبێ ئەمریكا بەرگەی 10 رۆژ ژیان ناگرن، ئەمە ترەمپ خۆی وتی."
بەقسەی خامنەیی "ئەو نمونەیە، نمویەكی شكستخواردوە، بە هیمەتی گەلانی ناوچەكە، ئەمریكا دەبێت لەم ناوچەیە بڕوات و دەشڕوات."
لەبارەی ئیسرائیلیش خامنەیی جەختی كردەوە "رژێمی زایۆنی لەم ناوچەیە، مایەی گەندەڵی، جەنگ، دوبەرەكییە، رژێمی زایۆنی كە گرێیەكی شێرپەنجەیی مەترسیدارو كوشندەی ئەم ناوچەیەیە، دەبێت لە ریشە دەربهێنرێت و دەریشدەهێنرێت."