هاوسەرۆکی گشتیی دەم پارتی، تونجەر باقرخان داوا دەکات پاسەوانانی گوندەکان (جاشەکان)، لەمەودوا کە پەکەکە چەک دادەنێ، شوانیو گاوانی بکەن.
ئاوێنە: تونجەر باقرخان لە دیداریدا لەگەڵ جوتیارانی شاری موش، داوای کرد دوای چەکدانانی پەکەکەو کۆتاییهاتنی خەباتی چەکدارییو ململانێکان، چیتر پێویست ناکات پاسەوانی گوندەکان (جاشەکان) وەک جاران بمێننەوەو با بڕۆن "شوانیو گاوانی" بکەن.
ئەو وتی "هیوادارم پاسەوانانی گوندەکان بێکار نەبن، چەکەکەیان لێوەربگرنو گۆچانێکیان بدەنێ، با چاودێری ئاژەڵەکان بکەن. کە لەناو گوندەکاندا شوانییو گاوانی کارو ئەرکێکی شەرەفمەندانەترو بەڕێزترە تا ئەوەی جاشێتی بکەیتو خەریکی چەوساندنەوەی گەلەکەی خۆت بیت".
ئەم قسانەی باقرخابن کاردانەوەی لێکەوتەوە، موساوات دەروێشئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئییە، لەپۆستێکدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە سۆشیال میدیا بڵاویکردووەتەوە، وتی "پاسەوانانی گوندەکان ڕۆڵەکانی ئێمەن کە بەگیانی خۆیان خەباتیان بۆ کۆماری تورکیا کردووە، ئایا بڕیارە دەستبەرداری دەیان هەزار برای زازاو تورکمان و کوردمان بین کە لەپاڵ دەوڵەتەکەیان ڕاوەستاون؟ واز لەجنێودانو ئەم زمانە قێزەونە بێنن؟".
وەزارەتی بەرگریی تورکیاش لەهەژماری سۆشیال میدیای خۆیدا رایگەیاند " پاسەوانەکانمان کە لەشەڕی دژی تیرۆردا لە پاڵ دەوڵەت و نەتەوەکەیاندا وەستاون، بە ورەیەکی زۆرەوە شان بە شان لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی تورکیا و هێزە ئەمنییەکانمان خزمەت دەکەنو پاڵەوانی ڕاستەقینەی شەڕی دژی تیرۆرن".
- ئەو لێدوانانەی کە پاسەوانانی ئاسایشمان دەکەنە ئامانج کە هەمیشە وەک نموونەیەکی جوانی یەکگرتنی دەوڵەت و نەتەوە لە تەنیشت دەوڵەتەکەیانەوە وەستاون، لە هەوڵێکی بێهودە زیاتر نابێت لە بەرامبەر ژیرییە بەرفراوانەکەی میللەتەکەمان و ڕۆحی یەکگرتوویی و هاودەنگی.
باقرخان دواتر لەڕوونکردنەوەیەکەدا وتی "مەبەستم بچوککردنەوەی پاسەوانی گوندەکان نەبووە".