بنەماڵەكەی و پارێزەرانی، داواكارییان بۆ دیداری ئۆجالان پێشكەش كرد
  2025-05-16       228       

بنەماڵەكەی و پارێزەرانی عەبدوڵا ئۆجالان و زیندانییانی دیکەی ئیمرالی، بە مەبەستى ئەنجامدانی دیدار لەگەڵیان داواکارییان پێشکەشى بەرپرسانی بورسا کرد.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، محەمەد ئۆجالان برای عەبدوڵا ئۆجالان و مەزڵوم دینچی پارێزەری، ئەمینە کۆنار خوشکی عومەر خەیری کۆنار، پۆڵات یڵدرم برای حامیلی یڵدرم و مەلیحە چەتین خوشکی وەیسی ئاکتاش، بۆ دیدار داواکارییان پێشکەش کرد تا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئیمرالى بکەن.

دوای نزیكەی ٤٣ مانگ لە گۆشەگیریی و ڕێگەنەدان بە ئەنجامدانی دیداری ئیمرالی، لە ٢٣ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٤، محەمەد ئۆجالان، برازای ئۆجالان و پەرلەمانتاری دەم پارتی، توانی چاوی بە ڕێبەر ئاپۆ بكەوێت و دیداری لەگەڵدا ئەنجام بدات.

دواتر لە ڕۆژانی ٢٨ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٤، ٢٢ـی کانونی دوەم و ٢٧ـی شوباتی ٢٠٢٥، شاندی ئیمرالی دەم پارتی دیداریان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام دا، لە کۆتا دیداردا کە هەریەک لە “سری سورەیا ئۆندەر، پەروین بوڵدان، تولای حاتیمۆغولاری، تونجەر باقرخان، ئەحمەد تورک، جەنگیز چیچەک و فایەق ئۆزگور ئەرۆل” پێکدەهات، بانگەوازیی سەدە و مێژویی ئۆجەلان بۆ ڕای گشتیی بڵاوکرایەوە.

دوای ئەوەش لە ٣١ـی ئادار، بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانەوە، هەریەک لە محەمەد ئۆجالان، برای و عومەر ئۆجالان، برازای و پەرلەمانتاری دەم پارتی دیداریان لەگەڵ ئۆجالان ئەنجام دا و کۆتا جار پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی دەم پارتی و فایەق ئوزگور ئەڕۆڵ، پارێزەری نوسینگەی یاسایی سەدە لەکاتی نەخۆشکەوتنی سری سورەیا ئۆندەر، دیداریان لەگەڵ  ئۆجەلان ئەنجام دا.

وێڕای هەمو هەوڵەکان بۆ چارەسەری پرسی كوردو دیموکراتیزەکردنی تورکیا، گۆشەگیری سەر ئۆجالان بەردەوامە و دەرفەتی بۆ نەڕەخسێنراوە تا بەشێوەی پراکتیکی پڕۆسەکە بەڕێوە ببات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×