نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەو سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبوەوە
  2025-05-18       113       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە تاران بەجیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەو سەرۆكی پەرلەمانی ئێران كۆبوەوە و جەختیان لەسەر پاراستنی ئارامی و دورخستنەوەی ناوچەكە لە كێشەو ئاڵۆزییەكان كردەوە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم، پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندیى دولايه‌نه‌ و چۆنیەتيی پەرەپێدانی هاوکاریی هاوبه‌شيان له‌ بواره‌ جیاجياكاندا، تاوتوێ كرد.

ئاماژە بەوەشدراوە، هه‌ردولا ستايشى پەیوەندییە دێرينه‌كانى نێوان ئێران و هه‌رێمى كوردستانيان كردو جەختيان لەسەر خواستی دولايه‌نه‌ بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییه‌كان کردەوە به‌شێوه‌يه‌ك خزمەت بە سەقامگیری و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانى ئێران و عێراق به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌ بکات.

ئەوەش خراوەتەڕو، تاوتوێكردنى دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى ديداره‌كه‌ بو. تيايدا داكۆکييان لەسەر گرنگيی گفتوگۆ بۆ دورخستنه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ كێشه‌ و ئاڵۆزى كرده‌وه‌.

سەرۆكایەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكی دیكەدا ئاماژەی بەوەداوە، هه‌ر له‌ به‌رده‌واميى سه‌ردانه‌كه‌يدا بۆ تاران، ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه، نێچیرڤان بارزانی له‌ ديدارێكدا لەگەڵ محەمەد باقر قالیباف، سەرۆكی ئەنجومەنی شورای ئیسلامیی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ده‌رباره‌ى پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی ئێران له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، له‌ ديداره‌كه‌دا، هه‌ردولا ستايشى به‌ره‌وپێشچونى په‌يوه‌ندييه‌كانيان كرد. له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانينى بۆ پشتگيرى و هاوكارييه‌كانى كۆمارى ئيسلاميى ئێران له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دوپات كرده‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوەكە، هه‌ردولا دوايين پێشهاته‌كان و بارودۆخی ناوچه‌كه‌ و ئاڵنگارييه‌كانيان تاوتوێ كرد و لەسەر پێویستيی هەماهەنگيى لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ئارامى و سه‌قامگیری هاوڕا بون، هه‌روەها داكۆكييان له‌سه‌ر هاريكاريى هه‌مه‌لايه‌ن لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە هاوبەشەكان، كردەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×