پەیامێكی نوێ لە ئۆجەلانەوە: "پێویستمان بە پەیمانێكی نوێ هەیە"
  2025-05-18       534       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكشەممە، سەردانی ئیمراڵیان كرد، وەفدی دەم پارتی پەیامێكی نوێی عەبدوڵا ئۆجالان-یان بڵاوكردەوە كە تێیدا دەڵێت، لەسەر بنەمای برایەتی كوردو تورك، پێویستمان بە پەیمانێكی نوێ هەیە لە توركیا.

ئاوێنە: وەفدی ئیمراڵی دەم پارتی، ئەمڕۆ یەكشەممە، بۆ دیدار لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجالان چونە ئیمراڵی و ئێوارە گەڕانەوە، كەمێك لەمەوبەر پەیامێكی نوێی ناوبراویان ئاشكراكرد.

ئۆجالان لە پەیامەكەیدا دەڵێت، لەسەر بنەمای برایەتی پێویستمان بە پەیمانێکی نوێ هەیە، ئەوەی کردومانە نوێنەرایەتی گۆڕانکاری و پارادایمێکی گەورە دەکات، سروشتی پەیوەندییەکانی تورک و کورد بە تەواوی جیاوازە، ئەوەی زیانی پێدەگات ئەو پەیوەندییەیە.

دەقی پەیامەكەی ئۆجالان:

"دوایین جار نەمتوانی لەگەڵ سری سورەیا ئۆندەر بدوێم، ئەمەش وەک داخێک لە دڵمدا ماوەتەوە. یادی ئەو هەمیشە بەرز و بەنرخە. پێویستە هەمیشە یادی بەرزڕابگرین. کەسێکی زانا بو بۆ تورکیا. هەست بەو  بۆشاییە دەکەین کە جێی هێشتوە.

پێویستمان بە پەیمانێکی نوێیە لەسەر بنەمای برایەتی.

ئەو شتەی کە دەیکەین، گۆڕانێکی مەزنە لە پارادایمدا.

سروشتی پەیوەندیی نێوان تورک و کورد زۆر جیاوازە، ئەوەی زیانی بەرکەوتوە پەیوەندیی برایەتییانە.

براكان شەڕی یەکتر دەکەن، بەڵام هیچ کامیان بێ ئەویتر بونی نابێت. ئێمە ئەو تەڵە و داوانەی پەیوەندییەکەیان تێکداوە، ئەو مینانەی دانراون، یەک یەک لەدوای یەك لەسەر ڕێگەکەمان پاکیان دەکەینەوە، ڕێگە و پردە ڕوخاوەکانی نێوانمان چاک دەکەینەوە.

لە کەسێتی ئالان بادیۆ و سلاڤۆی ژیژەکدا، سوپاسی ئەو ڕۆشنبیرانە دەکەم کە لە ڕێگەی شاندەکەمانەوە، پەیامی پشتیوانیان بۆ من و پرۆسەی ئاشتی و برایەتی ناردوە. بەهیوام لە خەباتی هاوبەشی ئەنتەرناسیۆنال و سۆسیالیستییدا یەکتر ببینینەوە.

١٨ ی ئایاری ٢٠٢٥

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×