ئەبوبەكر كاروانی، یەكێك لە سەركردەكانی پێشوی یەكگرتوی ئیسلامی پێی وایە هیچ ئاسۆیەك لەبەردەم رێكخراوی ئیخوان موسلمیندا نەماوەو پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
ئاوێنە: ئەبوبەكر كاروانی، كە ئەندامی پێشوی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی بو، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە وتارێكدا لەژێر ناونیشانی "ئیخوان و پێویستیی خۆهەڵوەشاندنەوە" نوسیویەتی"دۆخەکە پێویستی بە خۆهەڵوەشاندنەوەی ئیخوانە، چونکە ئەو ڕێکخراوە بەو بارە مێژوییە گرانەی سەرشانی، ئەو وێنا شێواو و وێرانەی لێی گیراوە، ئەو قەیرانە فیکرییەی تێیدا دەژیت، ئەو دوژمنایەتییە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییە گەورەیەی دەکرێت و جیاوازیی رەگ و ریشەیی قۆناغەکە لەگەڵ ئەو کاتەی سەری تێدا هەڵداوە، ناتوانێت هیچی تر بەشێوەیەکی بەرهەمدارانە درێژە بە خۆی بدات."
ئاماژەی بەوەشداوە"هەمو ئەو هۆکارانە وایان کردوە، هیچ ئاسۆیەکی لەبەردەمدا نەمینێت و رۆڵی پێچەوانە بەئەرکەکانی لە ئێستادا بگێڕێت."
ئەو پێشی وایە"لێپرسراوێتی ئیسلامی و ئەخلاقی و سیاسی داوای ئەوە لە سەرکردەو بڕیاربەدەستەکانی دەکەن، بڕیارە عەقڵانی و ئازایانەکە بدەن و کۆتایی بە کۆمەڵ و ڕێکخراوەکە بێنن و بەفەرمی هەڵی بوەشێننەوە، دابڕان لەگەڵ رابردو دروست بکەن، بۆ ئەوەی ئەندام و جەماوەرەکەی بە بیرو هەناسەو دیدێکی نوێوە لە فۆرمی جۆراوجۆری سیاسی یاخود مەدەنیدا یان هەردوکیان خۆیان ڕێکبخەنەوەو کۆتایی بەو بازنە داخراوە پەنگخواردوە بێنن تیایدا دەژین."