حكومەتی هەرێم رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت لە واشنتۆن سەرپەرشتی و چاودێری دو ڕێككەوتننامەی "گرنگ"ی لە بواری وزەدا لەگەڵ دو كۆمپانیا كردوە.
ئاوێنە: حكومەتی هەرێم لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمەریکا، لە ڕێورەسمێکدا لە ژوری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتۆن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی واژۆکردنی دو ڕێککەوتننامەی "گرنگ"ی لە بواری وزەدا كردوە.
ئەوەشی خستۆتەڕو، "هەردو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی ئێچ کەی ئێن ئینێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس Western Zagros، بە جیا دو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگ لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان واژۆ دەکەن، کە بەهاکەیان دەگاتە دەیان ملیار دۆلار و کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابوريی هەرێمی کوردستان دەبێت."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە كۆمپانیای ئێچ كەی ئێن ئینێرجی، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، كۆمپانیاكەیان و گروپی ئۆنێکس، رێككەوتنێكیان لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان كردوە بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەیەكی هاوبەشیان لەژێر ناوی "میران ئینێرجی" كە خۆی دەبینێتەوە لە پەرەپێدانی کێڵگەی غازی "میران" لە هەرێمی كوردستان.
ئەوەشی خستۆتەڕو، پێشبینی دەكرێت یەدەگی خەمڵێندراوی كێڵگەی غازی میران 8 تریلیۆن پێ سێجای غازی سروشتیی شیاوی دەرهێنانی هەبێت.
كۆمپانیاكە وتوشیەتی، ئەم رێککەوتنامەیە رێگە خۆش دەکات بۆ پەرەپێدانی كێڵگەكە بە چەند قۆناغێك، لەگەڵ ئەگەری بەدەستهێنانی زیاتر لە 40 ملیار دۆلار بەهای درێژخایەن.
رەسل فریمەن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ئێچ كەی ئێن ئینێرجی لە راگەیەندراوەكەدا وتویەتی، "ئەم رێککەوتنامەیە وەرچەرخانێکی گرنگە نەوەک تەنیا بۆ کۆمپانیاکانمان، بەڵکو بۆ داهاتوی وزەی ناوچەكە." وتوشیەتی"لەڕێگەی میران ئینێرجییەوە، خاڵە بەهێزەكانی ئێچ كەی ئێن و ئۆنێکس یەكدەخەین بۆ پەرەپێدانی بەرپرسیارانەی یەکێک لە ستراتیژیترین سەرچاوەکانی غاز."
كۆمپانیاكە ئاماژەی بەوەشداوە، پەرەپێدانەکە بە چەند قۆناغێك جێبەجێ دەكرێت، پلان دانراوە بۆ بەرهەمهێنانی غازیش بۆ دابینکردنی داخوازیی نێوخۆیی و پشتیوانیکردنی پێداویستییەکانی وزەی ناوچەكە و گەشەی ئابوری درێژخایەن و خواستی ناوچەكە بەگشتی. یەدەگە گەورەکانی كێڵگەی میران، دەبنە مایەی بەهێزكردنی ئاسایشی وزە لە ناوچەكە بۆ ماوەی درێژخایەن. ئەم دەستپێشخەرییە نیشانەی هاریكاری بەهێزی نێوان وەبەرهێنەرانی ئەمریکی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرهەمهێنانی توانای شاراوەی وزەی هەرێمی کوردستان.