میدیای پارتی: هەر موچەخۆرێك خۆی لە "هەژماری من" تۆمار نەكات موچەكەی رادەگیرێت
  2025-05-19       144       

لەكاتێكدا بەشێك لە موچەخۆران رەتیدەكەنەوە كە خۆیان لە پڕۆژەی هەژماری من تۆمار بكەن، بەڵام ئەمڕۆ میدیای پارتی بڵاویكردۆتەوە، وەزارەتی دارایی هەرێم هۆشداری داوە كە ئەگەر هەر موچەخۆرێك تاوەكو 12 رۆژی دیكە خۆی لە پڕۆژەی "هەژماری من" تۆمار نەكات، موچەكەی رادەگیرێت.

ئاوێنە: بەگوێرەی میدیای پارتی، ئەمڕۆ دوشەممە، بڵاویكردۆتەوە، وەزارەتی دارایی و ئابوریی هەرێمی کوردستان کۆتایی ئەم مانگە، 31-5-2025ی وەکو دوایین وادە دیاری کردوە، واتە تەنیا 12 ڕۆژ لەم مانگە ماوە، ئەگەر لەو 12 ڕۆژەدا موچەخۆران دەست بە مامەڵەی خۆتۆمارکردن لە پڕۆژەی هەژماری من نەکەن، موچەیان ڕادەگیرێت و تا ئەو کاتەی مامەڵەکانیان تەواو دەکەن موچەیان پێدەدرێت.

میدیای پارتی هێمای بۆ ئەوەش كردوە، هۆشدارییەکە 265 هەزار موچەخۆر دەگرێتەوە کە تاوەکو ئێستا خۆیان لە هەژماری من تۆمار نەکردوە، زۆربەشیان لە پارێزگای سلێمانی و دەوروبەرین.

ئەوەش لەكاتێكدایە كە بەشێكی زۆر لە موچەخۆران لە سنوری پارێزگای سلێمانی، چەند رۆژێكە باس لەوە دەكەن كە فۆرمی تۆماركردنی فەرمانبەران بۆ فەرمانگەو قوتابخانەكان رۆیشتوە، بەڵام بەشێك لە فەرمانبەران و مامۆستایانی سنورەكە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكەن كە رەتیان كردۆتەوە خۆیان لە پڕۆژەكە تۆماربكەن.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كە لە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دژایەتی خۆی بۆ پڕۆژەی هەژماری من راگەیاندبو، بەڵام ئێستا بە پڕۆژەكە رازییە.

دوێنێ یەكشەممە، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، خۆشبەختانە هەمو ئەو تێبینیانەی كە هەبون لەسەر پڕۆژەی هەژماری من، یەكلابونەتەوە، بۆیە پرۆژەكە دەستبەكاردەبێت.

میدیای پارتی ئاماژەی بەوەداوە، بەپێی دوایین ئامار لە کۆی نزیکەی یەک ملیۆن موچەخۆر 735 هەزاریان خۆیان تۆمار کردوە، کارت بە 419 هەزار کەس دراوەتەوە، کارتی 365 هەزار موچەخۆریش ئەکتیڤە و موچەی مانگی چواریان پێ وەرگرتوە، ئەوانیش بەمشێوەیە دابەش بون بەسەر پارێزگاكان:

هەولێر 220 هەزار و 400 کەس.

دهۆک 114 هەزار و 300 کەس.

سلێمانی 30 هەزار و 500 کەس.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×