تیف سامی، وەزیری دارایی عێراق ئەمڕۆ پێشوازی لە شاندێکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان كرد و جەختکرایەوە لەسەر فراوانکردنی ڕۆڵی بانکی عێراق لە قۆناغی داهاتودا، هەروەها تاوتوێی دامەزراندنی نوسینگەیەکی هەمیشەیی لە عێراق كرا و بوارەکانی وزەی نوێ، گواستنەوە و نوێکردنەوەی کەرتی دارایی پێداچونەوەیان بۆ کرا.
ئاوێنە: وەزارەتی دارایی عێراق ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، تیف سامی وەزیری دارایی ئەمڕۆ سێشەممە پێشوازیکرد لە شاندێکی بانکی ئەوروپی بۆ ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، بە مەبەستی تاوتوێکردنی ژمارەیەك فایلی ئابوری و وەبەرهێنان.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لەسەر فراوانکردنی ڕۆڵی بانکی عێراق لە قۆناغی داهاتودا، بەتایبەتی لە بوارەکانی پاڵپشتیکردنی کەرتی تایبەت، دەستپێشخەری بچوک و مامناوەند، هەروەها پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی بۆ مافە حکومیەکان، گونجاندن لەگەڵ کارە لەپێشینەکانی بەرنامەی حکومەت لە بەرەوپێشبردنی ژینگەی بازرگانی و گەشەسەندنی ژێرخان.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەردولا بەرەوپێشچونی دانوستانەکان بە ئامانجیان دامەزراندنی نوسینگەیەکی هەمیشەیی لە عێراق تاوتوێكرد، كە کارئاسانی بکات لە پێشکەشکردنی پاڵپشتی تەکنیکی و ڕاوێژکاری و فراوانکردنی تۆڕی هاوکاری لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆییەکان.
ئەوەشی خستەڕو، بوارەکانی وزەی نوێ، گواستنەوە و نوێکردنەوەی کەرتی دارایی پێداچونەوەیان بۆ کرا، کە بەشدارن لە ڕاکێشانی وەبەرهێنان و بەهێزکردنی گەشەی ئابوری.