ئەم مانگە لێبڕینی مووچە لە هەرێم دەستپێدەکات
  2025-05-20       480       

لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کارا کراوە و ئەم مانگە سەرجەم فەرمانبەران 1% لە مووچە بنەڕەتییەکانیان دەبڕدرێت.

یادگار جەبار، سەرپەرشتیارى لیژنەى بایۆمەتری لە سلێمانی رایگەیاند، رۆژی رابردوو لە نوێترین رێنماییدا داوایان لێکراوە بەگوێرەی بڕیاری 281ـی وەزارەتی پلاندانانی عێراق و راسپاردەی وەزیری دارایی و ئابووری عێراق، بە رێژەی 1% لێبڕین لە مووچەی بنەڕەتی فەرمانبەران بکرێت.

هاوکات فێنک حەسیب، سەرپەرشتیاری لیژنەى بایۆمەتری لە هەولێر لەبارەی هۆکار و مەبەستی لێبڕینەکەوە وتی "ژمارەی کەسیی بێهاوتا کە بە UPN  ناسراوە و بووەتە ژمارەی وەزیفی، لەبەرامبەر ئەوەدا بەغداد داوای کردووە، ئەو لێبڕینە بکرێت لە مووچەی بنەڕەتی و سەرجەم فەرمانبەرانى هەمیشەیی و گرێبەست بگرێتەوە".

روونیشیکردەوە، "لێبڕینەکە تەنیا بۆ یەک مانگە و لەسەر لیستی مووچەی مانگی ئایار جێبەجێدەکرێت".

لێبڕینی 1٪ـى مووچە بەجۆرێکە، لە کۆى مووچەى بنەڕەتى فەرمانبەران دەبێت، ئەگەر فەرمانبەرێک مووچەى بنەڕەتییەکەى 400 هەزار دینار بێت، تەنیا چوار هەزار دینارى لێدەبڕدرێت.

مانگانە لیستی مووچە بە پەیڕۆڵ ئامادە دەکرێت، داتا و زانیاریی تەواوی 429 یەکەی ژمێریاری لە هەولێر و 421 یەکەی ژمێریاری و 31 بانک لە سلێمانی و 301 یەکەی ژمێرکاری لە دهۆک لەناو سیستمەکەدا تۆماردەکرێن و پاشان کارا دەکرێت، بۆ ئەوەی بەشێوازی ئۆنلاین و بە دەستییش لەبەردەستی وەزارەتی دارایی عێراقدا بێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×