وتهبێژى كۆما جڤاكێن كوردستان (كهجهكه) ڕایگەیاند، تورکیا هیچ گەرەنتییەکی پێشکەش نەکردوە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و ئەگەر ئەوان جدیی بن دەبێت دەستورەکەی بەجۆرێک دابڕێژێتەوە، کە ڕێگە بە تێکەڵبونەوە بدان، دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی تورکیا، بارودۆخی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە باشتر بکات و ڕێگەی بدات بۆ بون بە سەرۆکی دانوستانکاری پارتەکە لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتویاندا".
ئاوێنە: زاگرۆس هیوا، وتەبێژی کەجەکە كە بە باڵی سیاسی پەكەكە دادەنرێت لە دیداریکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، سەرباری هەڵوێستی جددییەتی پەکەکە بۆ پڕۆسەی ئاشتی و بڕیاری چەکدانان، حکومەتی تورکیا تا ئێستا، هیچ گەرەنتییەکی بۆ ئاسانکردنی پڕۆسەکە پێشکەش نەکردوە و بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە.
ئاماژەی بەوەشكرد، پەکەکە کشانەوەی ئەندامانی لە تورکیا ڕەتدەکاتەوە و ئەگەر تورکیا جدیی بێت لە پڕۆسەی ئاشتیدا، دەبێت دەستورەکەی بەجۆرێک دابڕێژێتەوە، کە ڕێگە بە ئەندامانی پەکەکە بدات بۆ تێکەڵبونەوە لەگەڵ کۆمەڵگە.
وتەبێژی کەجەکە باسی لەوەشكرد، پێویستە حکومەتی تورکیا، بارودۆخی ژیانی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە لە زینداندا باشتر بکات و هەلومەرجی کارکردنی ئازاد و سەلامەتی بۆ دابین بكات بەمەبەستی بون بە سەرۆکی دانوستانکاری پارتەکەی لە هەر ڕێککەوتنێکی داهاتویاندا.
ئەوە لەكاتێكدایە عەبدوڵا ئۆجەلان لە نوێترین پەیامیدا ڕایگەیاند، کورد بە گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەشداری لە پڕۆسەی ئاشتیدا کردوە و ئێستا نۆرەی تورکیایە بەڵێنەکانی جێبەجێ بکات.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی العرب، شکستهێنان لەو تاقیکردنەوە گەورەیەدا كۆتایی بە پێگەی مێژوی ئۆجەلان دەهێنێت وەك سەرکردەی کوردەکانی تورکیا، ئەوەش بیری تورکەکان دەخاتەوە کە پێویستە "گۆڕانکاری گەورە"ی خۆیان جێبەجێ بکەن و دوبارە دامەزراندنەوەی برایەتی کورد-تورک کە بەهۆی شەڕی چل ساڵەوە لاواز بوە.
دەشڵێت، "دیارە ئۆجەلان لە هەڵوێستی بەرپرسانی تورکیا ئاگادارە، کە خۆیان لە دەرکردنی بەیاننامەی گشتی و ستایشی سارد بۆ هەنگاوی پەکەکە بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی خۆی سنوردار کردوە. بێدەنگیی ئەوان تا ئەو جێگایە ڕۆیشتوە کە هەر وەڵامێک بۆ ئەو هەنگاوە بە چەکداماڵینی تەواوەتی پەکەکە ببەستێتەوە".
ڕۆژنامە عەرەبیەكە دەشڵیت، "چەك دانانی پەكەكە زەحمەت دەردەکەوێت، چونکە پەکەکە داوای هەنگاوی كرداری تورکیا دەکات، ئەو زەمینەیە جددیەتی ئەنقەرە لە بەدواداچونی ئاشتیدا نیشان دەدات. پێش ئەوەی بەردەوام بێت لە پرۆسەی دانانی چەک".