باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سوریا ئاشکرای دەکات ئەحمەد شەرع چۆن کرا بە شوێنگرەوەی ئەسەد
  2025-05-20       370       

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا دانی بەوەدا نا کە لە دوای شکستهێنانی دانووستانی لایەنە نێودەوڵەتییەکان   بەسەرکردایەتی ئەحمەد شەرعیان هەڵبژاردووە کە ببێ بە شوێنگرەوەی حکومەتەکەی بەشار ئەسەد.

ئاوێنە: ڕۆبەرت فۆرد باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا لە چوارچێوەی سیمینارێک لە ئەنجوومەنی پەیوەندییەکانی دەرەوەی شاری بۆڵتیمۆر کە ڕۆژانی ڕابردوو لە ویلایەتی مێریلاند لە ئەمریکا سەبارەت بە دۆخی سووریا و ئەحمەد شەرع زانیاری نوێی ئاشکرا کرد.

ڕۆبەرت فۆرد ڕایگەیاند: لە ڕابردوودا پسپۆران و باڵیۆز و ئەفسەرانی هەواڵگری ئەمریکی و بەریتانی پڕۆگرامێکی چڕی مەشق و ڕاهێنانیان بۆ هەتەشە ئەنجامداوە.

فۆرد ئەوەشی ئاشکرا کردووە، ئەحمەد شەرع دوو خولی ڕاهێنانی لە ساڵەکانی ۲۰۲۳ و ۲۰۲٤ دا لەسەر دەستی خۆی بینیوە، واتە چەند مانگێک پێش ئەوەی دەست بەسەر دەسەڵاتی سووریادا بگرێت.

ڕوونیشیکردەوە، سێهەمین خولی ڕاهێنان بۆماوەی ۱۰ ڕۆژ بووە لە کۆشکی سەرۆکایەتی سووریا لەسەر دەستی ڕۆبەرت فۆرد دوای دەسبەکاربوونی شەرع وەک سەرۆکی کاتی سووریا.

باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە سووریا باسی لەوەشکردووە، خولی مەشق و ڕاهێنانەکان بۆ هەتەشە لە ڕابردوودا دەربارەی لایەنە سیاسی و ستراتیژییەکان بووە لە پارێزگای ئیدلب، بەڵام بەرواری ئەو خولانەی ئاشکرا نەکرد.

فۆرد ئەوەشی خستەڕوو، هەڵبژاردنی هەتەشە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئەوان لە گرووپ و ڕێکخراوەکانی تری ئۆپۆزسیۆنی سووریا ڕێکخراوتر بوون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×