ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میتی تورکیا، لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سوریا، ئەسەد حەسەن شەیبانی، وەزیری کاروباری دەرەوەی سوریاو حسێن سەلامە، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی هەواڵگری لەسوریا کۆبووەوە. لەمیانی دیدارەکەدا ڕاگەیەندرا کە تورکیا ئامادەیە هەموو جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بەئیدارەی دیمەشق بکات.
ئاوێنە: بەپێی ئەو زانیارییانەی لەمیدیاکانی تورکیاوە راگەیاندراوە، کاڵن دوێنێ سەردانی سوریای کردووەو لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبووەتەوە.
لەدیدارەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان تورکیاو سوریا گفتوگۆیان لەسەر کراوەو جەغت لەسەر گرنگی یەکپارچەیی خاکی سوریاو سەروەری و سەقامگیری سیاسی سوریا کراوەتەوەو کاڵن رایگەیاندووە کە تورکیا هەمیشە لە پاڵ سوریادا دەوەستێت.
لە میانی دیدارەکەدا، پرسگەلێکی وەک دانانی چەکەکانی پەکەکەو یەپەگەو تێکەڵبوون بە سوریای نوێ، هاوشێوەی گروپەکانی دیکە، رادەستکردنی ئاسایشی سنووری و دەروازە گومرگییەکان، هەروەها ئەو زیندان و کەمپانەی کە ئەندامانی داعش زیندانین، گفتوگۆ کراوە.
هەروەها لەدیدارەکەدا هێرش و پێشێلکارییە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سوریاو هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر سوریا تاوتوێ کراوە.
ئەمە لەکاتێکدایە کە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئهمڕۆ سێشەممە هۆشداریدا لەوەی بەبێ بەشدارییەکی بەهێزی ئەمریکا، ڕەنگە لە ماوەی چەند هەفتەیەکدا حکومەتی سوریا داڕمێت و ئەگەری هەیە شەڕێکی ناوخۆیی دەستپێبکات.
سەردانەکەی کاڵن بۆ دیمەشق لە کاتێکدایە کە ئەنقەرە دیپلۆماسیەتی سوریا خێراتر دەکات دوای ڕاگەیاندنی لەناکاوی ترەمپ لە 13ی ئهم مانگهدا بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر سوریا لە پەراوێزی سەردانەکەی بۆ سعودیە.
شاندێکی تورکیا بە سەرۆکایەتی نوح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ئهمڕۆ سێشەممە گەیشتە واشنتن بۆ ئەنجامدانی دانوستانەکانی نێوان دەزگاکان بە سەرۆکایەتی کریستوفر لانداو جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا.