دەزگا ئەمنیەكانی ئیسرائیل، دەستگیرکردنی دو گەنجی خەڵکی شارۆچکەی نەشێریان بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران ڕاگەیاند كە هەوڵیان دا چاودێری ماڵەکەی ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری بکەن، ئەویش دەڵێت، "هیچ هەڕەشەیەک ڕێگریم لێناکات، بەردەوامیش دەبم لە ئەنجامدانی ئەرکی خۆم".
ئاوێنە: دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل (شین بێت) ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا، دەستگیرکردنی دو گەنجی خەڵکی شارۆچکەی نەشێر بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئێران ڕاگەیاند.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەستگیردنیان دوای ئەوە هات کە ئەو کەسانە هەوڵیان دا چاودێری ماڵەکەی ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری بکەن و کامێرایان لە دەوروبەری دابنێن.
لایخۆیەوە ڕۆژنامەی مەعاریڤ بڵاویکردەوە، یەکێک لە دەستگیرکراوەکان بە شێوەی ئۆنلاین پەیوەندی لەگەڵ گروپە ئێرانییەکاندا هەبوە و لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی کەمدا ئەرکەکانی ئەنجامداوە، لەوانە گواستنەوەی پاکێجێکی گوماناوی کە پێدەچێت تەقەمەنی تێدابێت.
لەلایەكی دیكەوە ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران دو ئیسرائیلی وەرگرتوە "بۆ ئەوەی زیانی پێ بگەیەنن"، كە لە مانگی ڕابردودا دەستگیركراون.
دەشڵێت، "هیچ هەڕەشەیەک ڕێگریم لێناکات و بەردەوامیش دەبم لە ئەنجامدانی ئەرکی خۆم".
ئەوە لەكاتێكدایە لە سەرەتای دەسپێكردنی جەنگی غەززەوە، ئیسرائیل ژمارەیە کەسی دەستگیرکردوە کە تۆمەتبارن بە سیخوڕیکردن بۆ ئێران.
دەزگای ئاسایشی گشتی ئیسرائیل (شین بێت) دوێنی دوشەممە ئاشکرای کرد، هەوڵێکی نوێی سیخوڕی پوچەڵکردەوە، كە هەرزەكارێكی تەمەن 18 ساڵە و گومانی ئەوەی لێدەکرێت كاری بۆ ئێران كردبێت بە مەبەستی بە ئامانجگرتنی نەفتالی بێنت، سەرۆکوەزیرانی پێشوی ئیسرائیل.