ماركۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند، رێزگرتن لەو ئۆتۆنۆمییەی كە كورد لە عێراق هەیەتی، بریتییە لە كۆمەڵەكەیەكی ئەو پەیوەندییەی لەگەڵ عێراق هەمانە.
ئاوێنە: ئەو قسانەی ماركۆ رۆبیۆ، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی ئامادەبونیدا هاتن لە دانیشتنێكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریكا.
جۆ ویڵسن، كۆنگرێسمان لە دانیشتنەكەدا ئاماژەی بەوەدا كە عێراق بەهۆی كاریگەری ئێرانەوە لەسەری دەیەوێت رێگری لە گرێبەستییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان بكات.
لەوبارەیەوە مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، وتی، بە بەرپرسانی عێراقمان وتوە کۆڵەكەیەكی ئەو پەیوەندییەی هەمانە بریتییە لە رێزگرتن لەو ئۆتۆنۆمییەی کورد هەیەتی.
ئەوەشی خستەڕو "بەشێک لە تێڕوانینیان بۆ عێراق بریتییە لە رێگەدان بەو دۆخە ئابورییەی کە وا دەكات، دانیشتوانی هەرێم خۆشگوزەران بن و سەربکەون."
مارکۆ روبیۆ وتیشی"بەرپرسانی عێراق ویستی خۆیان بۆ هەبونی پەیوەندییەکی باشتر و نزیکتر لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکان دەربڕیوە."
روبیۆ ئاماژەی بەوەدا، بۆ بەرپرسانی عێراقمان رونکردوەتەوە کە بنەمای سەرەکی ئەو پەیوەندییە بریتییە لە رێزگرتن لە کۆمپانیاکانمان كە لە عێراق كاردەكەن لەگەڵ رێزگرتن لە ئۆتۆنۆمی كورد.
سەبارەت بە هەژمونی ئێران لە عێراق، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: "کاریگەریی ئێران بەداخەوە لە هەندێک جومگەی حکومەتە هەڵبژێردراوەکەیاندا بەردەوام بوە لە گەشەکردن."