سەرۆكی توركیا لە وتەیەكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەكاتی گەڕانەوەیدا لە گەشتەكەی بۆ هەنگاریا ڕایگەیاند "hیچ نیازێکم نییە دووبارە خۆم هەڵبژێرمەوە".
ئاوێنە: رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا رایگەیاند، توركیا چیتر ناتوانێت بەدەستورێكەوە بەرەو ئایندە بڕوات كە كودەتاچییەكان نوسیبێتیانەوە، ئێمە ئێستا پێویستمان بە دەستورێكە مەدەنییەكان بینوسنەوە نەك كودەتاچییەكان، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پارتی گەلی كۆماریش (جەهەپە) لە گەشتی نوسینەوەی دەستوریكی مەدەنیدا لەگەڵمان بەشدار دەبێت؟ ئەمە شتێكی گرنگەو ئێمە دەڵێین با دەست لەناودەست بین.
ڕاشیگەیاند، ئێمە دەستوری نوێمان بۆ وڵاتەكەمان دەوێت نەک بۆ خۆمان. من هیچ نیازێکم نییە دووبارە هەڵبژێردرێمەوە یان جارێکی دیکە خۆم کاندید بکەمەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، با لیژنەكان دروست بكەین و دەستورێكی مەدەنی لەزووترین كاتدا بخەینە بەردەم گەلەكەمان، لەنزیكەوە چاودێریی پرسی (یەپەگە) دەكەین و گرنگە ئیدارەی دیمەشق سەرەنجی خۆی لەسەر ئەم پرسە لانەدات.
ئەوەشی خستەڕو، پێمانوایە رۆژانی ئایندە یەكلاكەرەوە دەبن. دامەزراوەكانی ئێمەو هاوتاكانیان چاودێری پرۆسەی تێكەڵبوونی سەرجەم گروپە چەكدارەكان دەكەن لەناو سوپای سوریادا.
جەختی لەوەش کردوە، ئێمە لە سەروبەندی کۆتایهێنان بە تیرۆرداین.