ئا: عەمار عەزیز
بەشێکی بەرچاو لەپەیڕەوانی ئایینی ئێزدیی، دەڵێن ئێمە کورد نین، بەڵکو تەنھا ئێزدینو خوازیارن وەک پێکهاتەیەکی جیاواز مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت، هەرچەندە هەموو رێورەسمێکی پەرستشو نزاو ئاخاوتنیان بەزمانی کوردییە، پیاوێکی ئایینی ئێزیدی دەڵێت "هەروەک چۆن کورد شانازی بەکوردایەتی خۆیان دەکەن، بەھەمانشێوە ئێمەش شانازی بەئێزدیایەتی خۆمان دەکەین".
ئەو ئێزیدیانەی لەسنوری قەزای شنگالو دەوروبەری دەژین زیاتر بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئوان تەنھا ئێزیدینو لەزۆر پر سدا ڕای جیاوازیان ھەیە سەبارەت بەبابەتەکانی پەیوەست بەئێزدییەکان، رەنگە جوگرافیای قەزاکەو بوونی کۆمەڵێک ھێزی جیاواز ھۆکارێک بێت، ھاوکات نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی ھەرێم بەتایبەت لەدوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ھۆکارێکی تر بێت .
فاخر خەڵەف، پیاوێکی ئایینی ئێزیدییە لەشنگال، کە سەرپەرشتی بەشێکی مەزارگاکانی ئەو دەڤەرە دەکات، ئەو بەئاوێنەی وت "کورد بوون یان کورد نەبوونی ئێزیدییەکان پرسێکی ھەستیارە، بەڵام لەبنەڕەتدا ئێمە کورد نین، بەڵکو تەنھاو تەنھا ئێزیدین، وەکو پێکھاتەیەکی سەربەخۆ لەعێراقو ھەرێمی کوردستاندا دەژین، ڕاستە قسەکردنمانو نزاو پاڕانەوەو پەرستشمان ھەر بەکوردییە، بەڵام ئێمە خاوەن شێوەزارێکی تایبەتین کە جیاوازە لەکوردی، زۆر قسەو دەستەواژە ھەن خەڵکی تر رەنگە ھەر تێنەگاتو تایبەتە بەخۆمان".
دەربارەی ئەوەش کە تا ئێستاش بەشێک لەئێزیدییەکان دەڵێن ئێمە کوردینو ھەر لەگەڵ کوردا دەمێنینەوە، خەڵەف وتی "ئەوە بۆچوونی خۆیانە، بەڵام ھەڵەن، ڕاستە ئێمە ھاوسنورین لەگەڵ کوردو دەمێکە پێکەوە دەژین، بەڵام دەپرسم ئەگەر ئێمە کوردین، ئەی بۆچی ژنخوازییو ھاوسەرگیری لەنێوان ئێمەو ئەواندا نییە؟ جگە لەمەش ئایینمان جیاوازە، ھەندێک سەرکردەی کورد لەھەرێمی کوردستان بەنموونە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ھەر دەڵێت (برا ئێزدییەکانمان)، بەڵام ھەندێکی تر وشەی کورد بەئێزیدییەوە دەنێن".
دەوڵەتی ئیسلامی لەعێراقو شام ناسراو بەداعش، لەئابی ٢٠١٤دا دەستیگرت بەسەر قەزای شنگالدا، شەش ھەزارو ٤١٧ ئێزیدی رفاند، لەو ژمارەیە ھێشتا نزیکەی دوو ھەزارو ٧٠٠ کەسیان چارەنوسیان نادیارە، جگە لەکوشتنی زیاتر لەھەزار کەسو ئاوارە بوونی ٣٦٠ ھەزار کەس، کە ھێشتا بەشی زۆریان نەگەڕاونەتەوە شنگال. ئەمەش بەپێی ئامارەکانی نوسینگەی رزگارکردنی رفێنراوانی ئێزیدی سەر بەحکومەتی ھەرێمی کوردستان .
خەلەف وتی "ئەم پرسە هەرگیز چارەسەر نابێت، چونکە ھەیە ھەر دەڵێت من کوردموھەیە دەڵێت من ئێزیدیمە، بۆیە زۆر قورسە، بەڵام ئەوەی بەدروستی تێبگاتو شارەزا بێت تەنیا دەڵێت من ئێزیدیمە، کاتێک دەڵێین ئێمە ئێزیدینە، لەبەرھیچ مەبەستێکی سیاسی وا ناڵێین، کورد برای ئێمەنو رێزێکی تایبەتیان لێدەگرین، ھیوادارین بەو قسەیە لێمان نیگەران نەبن، هەروەک چۆن ئەوان شانازی بەکوردایەتی خۆیان دەکەن، بەھەمانشێوە ئێمەش شانازی بەئێزدیایەتی خۆمان دەکەین".
ژمارەی ئێزدییەکان لەعیراق بەنزیکەی ٦٠٠ هەزار کەس مەزەندە دەکرێت، لەم ژمارەیە لەماوەی ١٠ ساڵی رابردوودا زیاتر لە١٠٠ ھەزار کەسیان کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵاتو ئەوانەشی ماونەتەوە لەئاوارەیدا دەژینو بەشێکیشیان لەقەزاکانی شێخانو شەنگال نیشتەجێن، کە لەڕووی ئیدارییەوە زیاتر سەر بەپارێزگای نەینەوایە .
هوشیارشێخ میرزو، شارەزا لەبواری ئێزدییایەتیو دانیشتوی کۆمەڵگای شاریای سەر بەقەزای سێمێل، بەئاوێنەی وت "ھەندێک موسڵمانی کورد قبوڵیانە کە ئێزدییەکانی کوردستنیانی دێریننو ھەرلەمێژە لەھەرێمی کوردستان دەژین، بەڵام ئەوە قبوڵ ناکەن کە کورد پێش ھاتنی ئایینی ئیسلام بەشێکیان ئێزیدی بوون، چونکە دوای فتوحاتی ئیسلامی کورد بوون بەموسڵمان، ئەمە ڕاستیەکی مێژووییە".
میروز وتیشی "پەرستنو دوعاو سەبەقەکانی ئایینی ئێزیدی ھەمووی کوردین، لالش کە پیرۆزترین شوێنی ئایینییە لەسنوری پارێزگای دھۆکە، کەواتە واباشترە بڵێین ئێزیدی کوردستانیانی دێرینن، ڕاستی مێژوو شتێکەو ئەوەی ئێستا ھەیە شتێکی ترە، کە ھەندێک دەڵێن ئێمە کورد نین تەنھا ئێزیدینە، یان دەڵێن کوردی ئێزیدینە، ھەندێک ململانێیو کێشەی سیاسی لەناو ئێزیدییەکاندا دروستکردووە کە وایکردوە دوو ڕای جیاوازو ناکۆک لەسەر ئەم پرسەیە دروستبێت".
پیرۆزترین شوێن لای ئێزدییەکان پەرستگای لالشە، جگە لەمەش ئێزدییەکان چەندین شوێنی دیکەی ئایینیو مەزارگەیان لەناوچە جیاوازەکانی سنوری پارێزگای نەینەوا ھەیە، کە بەشێکیان بەدەستی چەکدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لەعیراقو شام" وێران کران .
خدر دێرو، رۆشنبیرو نوسەری ئێزیدی، بەئاوێنەی وت "ئەم پرسە زیاتر بەسیاسی کراوە، ڕاستی بابەتەکە ئەوەیە کە ئێزیدی تەنھاو تەنھا ئێزیدینە، زۆرینەی ئێزدییەکانیش حەزدەکەن ھیچ پاشگرێگی تر بەناوەکەیانەوە نەلکێنن".
وتیشی ""کورد وەکو ئایین موسڵمانن، ئێزیدیش ئایینەکەیان ئێزیدییە، ئێزیدی دەڵێن کورد ئێزیدی بوون ئینجا بوونەتە موسڵمان، بەداخەوە دوای فەرمانەکەی ٢٠١٤ لەسوشیاڵ میدیا زۆر ھێرش دەکرێتە سەر ئێزدییەکان، وای لێھاتووە ناتوانین قسەیەک بۆ میدیایەک یان وانەیەکی روشنبیریو ھوشیارکردنەوە بڵێین، سەدان قسەی نەشیاومان بۆ دەنوسرێت، ئەگەر کەسێکی ئێزیدی بڵێت من کوردی ئێزیدیمە ھەزار قسەی نەشیاو بۆ ئەو کەسە دەنوسن، ھەموو نەتەوەیەک مافی ئەوەی ھەیە شانازی بەئایینەکەیو نەتەوەکەی خۆی بکات، نازانم بۆ ئەو ھێرشانە دەکرێنە سەر ئێزدییەکان؟! لەکاتێکدا زیاتر لە ٧٠ فەرمان بەسەر ئێمەدا ھاتووەو بەدرێژایی مێژوو قوربانیەکی زۆرمان داوە، ھیوادارین چیتر ھێرش نەکرێتە سەرئێزدییەکان، ئێمە ئەوان قبوڵ دەکەین، بەھەمانشێوە بەئەوانیش قبوڵمان بکەن ".
ئەوانەی لەسنوری ھەرێمی کوردستان دەژین بەتایبەت لەپارێزگای دھۆکو ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کێشەیان لەگەڵ ئەوە نییە بەکوردانی ئێزیدی ناوببرێن، ئەوەش رەنگە بەھۆی ئەوە بێت لەسنوری دەستەڵاتی حکومەتی ھەرێمدان، ئەمە لەکاتێکدایە پێشتر لەرێگای ئەنجۆمەنی نوێنەرانی عیراقەوە ھەوڵدرا ئێزدییەکان وەک نەتەوە بناسرێن.
ئەنجۆمەنی روحانی ئێزیدی لەحوزەیرانی ٢٠٢٤دا، راگەیاندراوێکی لەبارەی ھەوڵەکانی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردوەو رایگەیاند "ئێزدییەکان بەشێکی دانەبڕاوی گەلی کوردن، ڕەگوڕیشەی ئێزدییەکان لەناو خاکی کوردستاندایە، ھەر ھەوڵێک بۆ دابڕینی ناسنامەی ئێزدییەکان لەکورد بەتەواوی ڕەت دەکەینەوە".
بەختیار قادر، گەنجێکی ئێزدییەو لەپارێزگای دھۆک دەژی، ئەو پێی سەیرە کە ھەندێک دەڵێن ئێزیدی کورد نینو بەئاوێنەی وت "ئێزدییەکان بەکوردی قسە دەکەنو دابونەریتیان هەمان دابونەریتی کوردە بەگشتی، پەرستنمان ھەر بەکوردییە، سەبەقو قەولە ئایینەکانی ئێمە ھەر بەکوردییە، ئیتر چۆن دەڵێین ئێمە کورد نین؟! ئەوانەی ئەم قسانە دەکەن ئێزیدییەکان بەسەر دوو بەرەی ناکۆکدا پەرتەوازەو دابەش دەکەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات