ئا: عەمار عەزیز
دوای زیاتر لە ١٠٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدکردنی ئەرمەنەکان لەلایەن عوسمانیەکانەوە، ھێشتا بەفەرمی لەپەرلەمانی کوردستان ئەم کوشتارە بە"جینۆساید" دانەنراوە، پەرلەمانتارێکی ئەرمەنی لەکوردستان دەڵێت "لەبەر تورکیایە".
یەروانت ئەمینیان، پەرلەمانتاری خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لەپێکھاتەی ئەرمەن بەئاوێنەی وت "جینوسایدی ئەرمەنەکان لە٢٤ نیسانی ١٩١٥ لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی ئەنجامدرا، بەڵام ئەو مێژووەی کە ئەرمەنەکان لای خۆیان تۆماریان کردووە لە ٢٣ی نیسان بوو بەر لەکوشتارە گەورەکە بەڕۆژێک ، ٣٥٠ نوسەرو رۆشنبیرو پزیشکو ئەندازیار لەلایەن دەوڵەتی عوسمانیەوە کوژران".
وتیشی "لە ٢٤ی نیسان فەرمانێک دەرچوو لەلایەن دەوڵەتی عوسمانی بۆ لەناوبردنو راگواستنی ئەرمەنەکان لەشوێنەکانی خۆیان، ئەو کاتەش ئۆتۆمبێل نەبوو، ھەمووی بەپیادە بوو، لەبەرئەوە ھەر بەرێگاوە بەشێکیان کوژرانو بەشێکی دیکەیان فڕێدرانە ناو ئاو، ھەروەھا لەناوچەی وان شەڕێکی گەورە روویدا، لەلایەکی تر ٢٠٠ کەسی تر لەناو بەلەمێکدا ھەموویان خنکێنران، قەتلو عام کردنی ئەرمەنەکان سێ بۆ چوار ساڵ درێژەی کێشا تا ساڵانی ١٩١٨و ١٩١٩ بەردەوام بوو".
لەبارەی ھاتنی ئەرمەنەکان بۆ ھەرێمی کوردستان ، ئەمینیان وتی "جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەچەند قوناغێک بوو، یەکێک لەوانە باپیری من دوای ٥ ساڵ لەگەڵ کۆمەڵێک ئەرمەنی تر ھاتنە زاخۆ، ئینجا بەشێکی تر ھاتنە دھۆک، بەوشێوەیە پەرتەوازە بوون، ئەرمەنەکانی ناوچەی وان چوون بۆ ئێران، ئەوانەی لەناوچەی ئورفا دەژیان روویانکردە سوریا، بەتایبەت ناوچەی دێرەزۆرو کۆبانێ".
زۆرترین ژمارەی ئەرمەن لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆن، کە ژمارەیان ٢٥٤ خێزانە، پاشان دھۆکو دەوروبەری ژمارەیان دەگاتە ١١٠ خێزان، لەزاخۆ سێ کەنیسەی تایبەت بەئەرمەنەکان ھەن، ھاوکات لەدھۆکیش کەنیسەیان ھەیە .
داود ھونان، نوێنەری ئەرمەنەکان لەسنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەئاوێنەی وت "رێژەی ھەرە زۆری ئەرمەن لەسنوری زاخۆ، لەسێ شوێن لەتورکیاوە ھاتوونەتە زاخۆ، وەکو ھەر پێکھاتەیەکی تر لەشاری زاخۆ نیشتەجێن، حکومەتو خەڵکەکەی رێزێکی یەکجار زۆریان لێدەگرن، ئەوەی پێویستە بۆیان دەکرێت".
لەبارەی پرسی بەجینوساید ناسانی ئەرمەنەکان لەپەرلەمانی کوردستانو قەرەبۆ کردنەوەیان، ھونان وتی "پرسی بەجینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکان، زیاتر پەیوەستە بەکاری یاساییو کاری پەرلەمانتاران، بەداخەوە گرنگی بەم پرسە نەدراوە".
یەروانت ئەمینیان، لەساڵی ٢٠١٥ توانی ئیمزای ٤٩ پەرلەمانتاری کوردستان وەربگرێت بۆ پڕۆژەی یاسای بەجینۆساید ناساندنی ئەرمەنەکان، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان لەبەر ھەندێک ھۆکاری سیاسی ئەم پڕۆژە یاسایەی نەخستە ناو پڕۆژە یاساییەکانو ھیچ خوێندنەوەیەکی بۆ نەکرا.
"من ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بووم لەساڵی ٢٠١٣ تاوەکو ٢٠١٨، دەمویست لە٢٤ی نیسانی ٢٠١٥، پاش تێپەڕبوونی ١٠٠ ساڵ بەسەر جینۆسایدی ئەرمەنەکان، لەپەرلەمانی کوردستان بەفەرمی بەجینۆساید بناسێنرێت، ھەر پڕۆژە یاسایەک کە ١٠ پەرلەمانتار پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمانی دەکەن، خوێندنەوەی بۆ دەکرێت، بەڵام ئیمزای ٤٩ پەرلەمانتارم لەھەموو فراکسیۆنەکان ھێنا، کەچی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەھۆی چەند ھۆکارێکی سیاسی نەیانتوانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەکە بکەن". یەروانت ئەمینیان وای وت.
ئەمینیان وتیشی "ئەگەر ئێمە دانپێدان بەو جۆرە جینۆسایدانە نەکەین، ئەوا جینۆسایدەکان بەسەر ئێمەدا بەردەوام دەکرێت، پێویستە ئەمە بکرێتە کلتورێک تاوەکو دووبارە جینوساید بەسەر میللەتەکاندا دووبارە نەبێتەوە، بەداخەوە لە ٢٠١٤ جارێکی تر جینوساید بەسەر ئێزدییەکان ئەنجامدرا، ھەرچەندە قورسە بەڵام داوادەکەم پەرلەمانی کوردستان جینۆسایدی ئەرمەنەکان بەفەرمی بناسێت".
لەبارەی قەرەبووکردنەوەی خەڵکی پاش بڕیاری بەجینوساید ناساندنی ئەرمەنەکان لەچەند وڵاتێک، ئەمینیان وتی "چەند وڵاتێک بەفەرمی کوشتاری ئەرمەنەکان بەجینۆساید ناسراوە، هیچ قەرەبووییەکی خەڵکی ئەرمەن نەکراوە، بەلای ئێمەوە لەقەرەبوو گرنگتر زەویەکانی ئێمەیە، دەمانەوێت زەوییەکانمان بۆ بگەڕێنرێتەوە، کە لەتورکیادا دەستیان بەسەردا گیراوە".
كۆنترین كەنیسەی ئەرمەنەکان لەکوردستاندا لەشاری زاخۆیە، سەرباری ئەوەی زۆربەیان لەپارێزگای دهۆک نیشتەجێن، بەڵام لەدوای روداوەكانی ئەم چەند ساڵەی رابردوو، زیاتر لە ١٥٠ خێزانی ئەرمەنی لەموسڵو بەغداوە رویانكردوەتە هەولێرو لەپایتەختی هەرێم دەژینو کەنیسەیەکیان دروستکردوە.
ئارام شاهین داود باكۆیان، پەرلەمانتاری پێشوی ئەرمەنیەكان لەپەرلەمانی كوردستان، سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر بەوە دەردەبڕێت كە بۆچی تا ئێستا پەرلەمانی كوردستان جینۆسایدی ئەرمەنەكانی بەڕەسمی نەناساندوە لەكاتێكدا دەیان وڵات بەفەرمی ناساندویانە، ئەو بەئاوێنەی وت "نازانم هۆكاری چییە، رەنگە هۆكارەكەی بگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی توندوتۆڵی هەرێمی كوردستان بەتوركیاوە!"
وتیشی "لەخولی سێیەم کە من ئەندامی پەرلەمان بووم، ھیچ ھەوڵێکمان نەدا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کوشتاری ئەرمەن، چونکە دەمانزانی ھیچ دەرئەنجامێکی نابێت، لەبەر چەند ھۆکارێکی سیاسی، بەتایبەت لەبەر تورکیا، ھەر کارێک کە مرۆڤ بزانێت ھیچ ئەنجامێکی نابێت نەیکەی باشترە، لە خوڵی چوارەم ھەوڵی باش درا بەڵام ئەویش ھیچ ئەنجامی نەبوو، ئەمە بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش بەھەمانشێوە، تا ئێستا لەوێش نەکراوە ".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات