لەتەمەنی هەژدە مانگی تا سێ ساڵی نیشانەکانی ئۆتیزم دەردەکەوێت کە خێزان هەستی پێدەکات
ئا: شەنگە دارا
ڕێژەی منداڵانی تووشبوو بەشەبەنگی ئۆتیزم (ASD) بەراورد بەساڵانی رابردوو زیادی کردووە لەهەرێمی کوردستان، دەرونزانو راهێنەرێک دەڵێت "سێ ڕێگا هەن بۆ دیاریکردنی نیشانەکانی تووشبوون بەئۆتیزم".
"لەهەر ٣٧ منداڵ، یەکێکیان ئۆتیزمە"
فریاد ساری، بەڕێوەبەری سەنتەری هەتوان بۆ ئۆتیزم ئاماژە بەوە دەکات تا ئێستا نزیکەی ٣٠٠ منداڵ سەردانی سەنتەرەکەیانی کردووە بۆ وەرگرتنی ڕاهێنان، ئەو بەئاوێنەی وت "بەپێی داتاکان لەساڵی ٢٠٠٠دا لەكۆی ١٥٠ منداڵ، یەك منداڵ دەستنیشان دەكرا بەئۆتیزم، بەڵام بەپێی سەرژمێریەک کە لەساڵی ٢٠٢٣ ئەنجامدراوە دەریخستوە لەهەر ٣٧ منداڵ یەکێکیان توشبووە بەئۆتیزم، واتا ڕێژەکە زۆر زیادی کردوە".
وتیشی "ئەگەر بێین ڕێژەکە بەپێی پارێزگاکان دیاریبکەین دەبینین لەهەولێر ٥٤٠ ئۆتیزمی تێدا تۆمارکراوە کە ٨٠٪ کوڕو ٢٠٪یان کچن.
لەسلێمانیو هەڵەبجە ٣٨٠ ئۆتیزم تۆمارکراوە کە ٧٥٪ کوڕو ٢٥٪ کچن. لەدهۆک ٣١٥ حاڵەتی ئۆتیزم تۆمارکراوە کە ٧٨٪ کوڕو ٢٢٪ کچن. لەڕاپەرین ٤٠٧ حاڵەتی ئۆتیزم تۆمار کراوە، لەزاخۆ ١٩٨ ئۆتیزم تۆمارکراوەو لەگەرمیان ١٨٠ ئۆتیزم تۆمارکراوە، کە زۆربەیان کوڕنو بەشێکی کەمیشیان کچن".
سێ ڕێگا بۆ دیاریکردنی نیشانەکانی تووشبوون بەئۆتیزم
لەنجە قهار، دەرونزانو ڕاهێنەر لەیەکێک لەسەنتەرەکانی شاری هەولێر، ئەوە بۆ ئاوێنە رووندەکاتەوە کە بەسێ ڕێگا نیشانەکانی تووشبوون بەئۆتیزم دیاریدەکرێن: یەکەمیان، دواکەوتن لەفێربوونی زمان، منداڵی ئۆتیزم ناتوانێت پەیوەندی لەڕێگەی قسەکردنەوە دروست بکاتو گوزارشت لەپێداویستیەکانی بکات لەڕێگەی قسەکردنەوە. دووەمیان، پەیوەندی کۆمەڵایەتی: منداڵی ئۆتیزم پەیوەندی ناگرن لەگەڵ هاوتەمەنەکانی خۆیان بۆ نمونە کە بەگروپ یاری دەکەن، هەر منداڵەو بۆ خۆی بەتەنیا یاری دەکات، بێ ئەوەی بەشداری هاوڕێکانی بکات، وەڵامدانەوەی بۆ ناوی خۆی نییە کە بانگ دەکرێن لەلایەن کەسێک یان دایکو باوکەوە وەک نابیست دەردەکەون. سێیەمیان، گرفت لەرەفتارو هەڵسوکەوتدا: منداڵی ئۆتیزم زۆر جار ڕەفتارێک بە بەردەوامیو بە یەک شێواز دووبارە دەکاتەوە بێ ئەوەی هیلاک ببێت، بۆ نمونە وەک خولانەوە بەدەوری خۆیدا، یان یاریکردن بەیاریەک بەشێوەیەکی نامۆو منداڵی ئۆتیزم خەیاڵی نییە لە یاریکردندا.
لەنجە وتی "لەتەمەنی هەژدە مانگی تا سێ ساڵی نیشانەکانی ئۆتیزم دەردەکەوێت کە خێزان هەستی پێدەکات، لەدوای سێ ساڵی بە دڵنیایی دەردەکەوێت، حالەتی ئۆتیزم لەهەردووک ڕەگەزدا دەردەکەوێت، بەڵام لەڕەگەزی نێردا زۆرترە، دەتوانین بڵێین لەبەرامبەر ٦ کوڕدا یەک کچ حاڵەتی ئۆتیزمی دەبێت".
دەربارەی کاریگەریی خراپی شاشەو مۆبایلو ئایپاد، لەنجە وتی "شاشەو مۆبایل نابێتە هۆکار بۆ حاڵەتی ئۆتیزم، بەڵام ئەگەر هاتوو بەشێوەیەکی سنووردار شاشە بەکارنەهێنرێت، ئەوا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە بەدیجیتاڵ ببێو ببێتە ئاستێکی سەختی ئۆتیزم، کارکردن لەگەڵ منداڵە ئۆتیزمەکە سەخت بێتو وەڵامدانەوەی بۆ ژیانی ڕاستەقینە نابێتو دەچێتە دونیای خەیاڵو کاریگەری لەسەر هەستەکانی دادەنێت، بۆیە باشترە ڕێگری بکرێت لەبەکارهێنانی شاشەو مۆبایل".
دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵی ئۆتیزم، لەنجە وتی "سەرەتا پێویستە ئەو کەسەی کە ڕاهێنەری منداڵی ئۆتیزمە یاخود دایکو باوک، دەبێت خاوەن دەرونێکی ئارامو سەلامەت بنو کەسێکی ئارام بێت، حاڵەتی شەبەنگی ئۆتیزم: بریتییە لەنەخۆشییەک بەهۆی گرفت لەگەشەی دەمارە خانەکانی مێشکی مرۆڤ پەیدا دەبێت، کارێک دەکات ئەو مێشکە نەتوانێت لەڕێگەی گەیاندن یان پەیوەندی بەستن لەڕێگەی زمانو ڕەفتارو لەپەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکاندا گرفتی بۆ دروست دەبێت، هۆشیاری زۆر گرنگە بۆ نەخۆشیەکە، پێویستە لەلایەن حکومەتەوە هاوکاری پێشکەش بکرێت بەخێزانەکان بەکردنەوەی سەنتەری حکومیو نیشتیمانی".
لەنجە ئاماژەی بۆ کەیسێک کرد کە لای ئەو چارەسەری وەرگرتووە، ئەو وتی "یەکێک لەکەیسەکانم منداڵێک بوو کە ڕۆژانە بۆ کاتێکی زۆر لەپێش شاشەیان داناوە لەتەمەنێکی زۆر زوو، کاریگەری خستبووە سەر ئەوەی کە نەیدەتووانی قسە بکاتو کۆمەڵێک کێشەی ڕەفتاری بۆ دروست کرد بوو، ئێستا کە سێ ساڵو چوار مانگە لەژێر ڕاهێناندایە، بەرەوپێشچوونی ئەو منداڵانە سەختەو سەبرو کاتێکی زۆری دەوێ، لەڕێگەی ڕاهێنانو ڕێگریکردن لەسەیرکردنی شاشە ئێستا دەتوانێ قسە بکاتو وەڵامدانەوەی هەبێت".
چارەسەر کردنی ئۆتیزم پێویستی بەتیمە
نێرگز حەمەد، پزیشکی کۆئەندامی دەمار، توێژەری کۆمەڵایەتی، ڕاهێنەری هەڵسوکەوتو قسەکردن لەسەنتەری تایبەت بەئۆتیزم ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چارەسەری ئۆتیزم پێویستی بەتیمێکە لەپزیشکی منداڵانو پزیشکی دەروونیو ڕاهێنەران هەیە.
نێرگز چیرۆکی حاڵەتی منداڵێکو چاکبونەوەی بۆ ئاوێنە گێڕایەوەو وتی "یەکێک لەو حاڵەتانەی کە لەلام بوو، منداڵێکی تەمەن سێ ساڵو نیو بوو، هەم ئۆتیزمی هەبوو، هەم کێشەی لەماسولکەکانیدا هەبوو، نەیدەتوانی ڕێ بکاتو قسەش بکات، هیچ وشەیەکی نەدەزانی جگە لە(بابە)، ئەویش جار جار بێ مەبەست بەکاریدەهێنا، سەرەڕای حاڵەتی ئۆتیزمیەکەی، بەڕاستی دایکی زۆر بێ هیواببوو لەدکتۆرەکان، تا سەردانی سەنتەرەکەمانیان کرد، دوای هەڵسەنگاندنو بونی ئومێدی بەرەوپێشچون، بڕیاریاندا ماڵیان بگوازنەوە هەمان شار لەبەرژەوەندی کوڕەکەیان، بەکۆمەڵێک ڕاهێنانو ڕێگاو شێوازی گونجاوی ڕاهێنانو هەروەها بەکارهێنانی چارەسەری سروشتی بۆ منداڵەکە، لەپاڵ ئەو ڕاهێنانە ماسولکەییو ژیرییو ڕەفتاریو هەستیو کۆمەڵایەتیانەی لەسەنتەرەکەمان پێمانکرد، دوای نزیکەی ساڵو نیوێک لەڕاهێنان پێینایە قۆناغێکی نوێی ژیانیو پێویستی بەسەنتەر نەماو چوە باخچەو بەسەرکەوتوی باخچەشی تەواو کرد".
وتیشی "هەم لەڕوی حاڵەتە ئۆتیزمەکەیەوە بەرەوپێشچوو، هەم لەڕێ ڕۆشتنیشی زۆر ئاسایی ببۆوە، ئەوەشمان بیر نەچێت کە خێزانەکەی بەپاڵپشت بەسەنتەر سەرچاوەی بەرەوپێشچونی بوون".
هەموو شتێک سەبارەت بەئۆتیزمو فرەجوڵەیی
موختار کەریمی دەرونناس:لەوانەیە پێت سەیر بێت بەڵام بەکارهێنانی میکیاج و بۆیەی قژ لەکاتی دووگیانیدا یەکێکە لە هۆکارەکانی توشبونی کۆرپەلە بە ئۆتیزم .
موختار کەریمی، ماستەر لەدەرونناسی کلینیکاڵو خاوەنی کتێبی (هەموو شتێک سەبارەت بەئۆتیزمو فرەجوڵەیی) بەئاوێنەی وت "بەپێی زانیارییە زانستییە بڕواپێکراوەکان، ڕێژەی کەسانی دەستنیشان کراوە وەک شێواوی شەبەنگی ئۆتیزم (ASD) بەبەراورد بەساڵانی پێشوو زیادی کردووە لەهەرێمی کوردستان، هۆکارێکی سەرەکیش پیسبونی کەشوهەواو زیاتربوونی ماددەی کیمیایی سوربە (LEAD) لەناو ژینگەدا".
وتیشی "سورب ژەهرێکی بەهێزە بۆ سیستەمی ناوەندی دەمارەکانو توێژینەوەکان دەریانخستووە منداڵانی تووشبووی ئوتیزم ئاستێکی باڵاتری سورب لەخوێن یان میزیاندا هەیە، هەروەها بەرکەوتنی سورب لەکاتی دووگیانی دەتوانێت کۆمەڵیک گۆڕانکاری لەمێشکی کۆرپەڵەدا ساز بکات کە دەبنە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی ئوتیزم، بەشێکی زۆر لەکەلوپەلی مەکیاژ وەک ڕەنگی قژو قەڵەم لێوو... ئاوێتەی سوربنو ئەمەیش یەکێکە لەهۆکارە شاراوەو نەناسراوەکانی ئوتیزم، کە بەداخەوە کەمتر ئاوڕی لێدراوەتەوە، بەمەرجێک ژنانو کچانی ئێمە زۆر زیاتر لەڕابردوو مەکیاژ بەکاردەهێنن".
سەبارەت بەبونی نەخۆشخانەو سەنتەری تایبەت بەئۆتیزم لەکوردستان، کەریمی وتی "بەداخەوە،لەوانەیە لەهەرشارێکی گەورە یەک سەنتەر بوونی هەبێت، ئەویش نەک سەنتەرێکی ئاست باڵاو خاوەن پسپۆڕ، بەڵکو سەنتەرێکی ئاسایی کە زۆر ئاستی چۆنایەتیو کارەکانی لەسەرەوە نییە، لەشارە بچوکەکان هیچ سەنتەرێک نییەو کەسی پسپۆڕ لەو بوارە کەمنو هۆکارەکەیشی ئەستەم بوونی کارکردنە لەگەڵ تووشبووانی ئوتیزمو کار لەگەڵ تووشبووان پارەو کاتو تاقەتی باشی دەوێ".
وتیشی "بەداخەوە خێزانەکانی خاوەن منداڵانی ئۆتیزم زیاتر کەم داهاتنو توانای مادی باشیان نییە بۆ خزمەتگوزاریی، ڕاهێنانو چارەسەری درێژخایەن".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات