رێباز حەملان: یەكشەممەی داهاتو لیستی موچە رەوانەی بەغدا دەكرێت
  2025-05-22       149       

رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی یەکشەممەی داهاتو لیستی موچەی مانگی ئایار ڕەوانەی بەغدا دەکرێت و پێشبینی دەکرێت پێش جەژن موچەی موچەخۆرانی هەرێم ڕەوانە بکرێت. دەشڵێت: یەكێتی ئاگاداری هەمو وردەکارییەکانی ئەو گرێبەستانەیە كە لە واشنتن ئیمزاكران.

ئاوێنە: رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە میدیای پارتی راگەیاند، ئەو گرێبەستانەی لە واشنتن کراون نوێ نین، بەڵکو ڕێککەوتنەکان دەگەڕێنەوە بۆ 15ساڵ لەمەوبەر و کێڵگەکان دراون بە دو کۆمپانیای نوێ.

ڕێباز حەملان وتیشی: عێراق یاسای نەوت و گازی نییە تاوەکو بڵێت ئەم گرێبەستانە نایاسایین، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا پشتیوانی ئەم گرێبەستانە دەکات عێراق ناتوانێت بەربەست بۆ ئەم گرێبەستانە دروست بکات و ڕاگەیاندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق تەنیا لە چوارچوەی ڕاگەیاندراو دەمێنێتەوە.

یاریدەدەری سەرۆک وەزیران وتیشی: سەرۆک وەزیران مەسروربارزانی لەکاتێکی هەستیار سەردانی ئەمەریکا کرد و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان ئاگاداری هەمو وردەکارییەکانی گرێبەستەکەیە، ئەم گرێبەستانە دەبنە هۆی بوژانەوەیەکی گەورەی ئابوری لە هەرێمی کوردستان، دەبێتە هۆی زیادبونی هەلیکار و ڕاکێشانی غازی ماڵان و بوژانەوەی ئابوری.

دەربارەی موچەی مانگی ئایار، ڕێباز حەملان باسی لەوەکرد، ڕۆژی یەکشەممە لیستی موچەی مانگی ئایار رەوانەی بەغدا دەکرێت پێشبینی دەکرێت تاوەکو پێش جەژنی قوربان موچەی مانگی ئایار بدرێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×