سەنتەری میترۆ داوا لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر دەكات، عەلی خەیاڵ، پێشكەشكاری كەناڵی بەغدادیە رادەستی دەزگا ئەمنییەكانی بەغدا نەكەن و بەپێی شوێنی دانیشتنی، كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵەی لەگەڵدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی.
ئاوێنە: كەناڵی بەغدادییە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، كە پێشكەشكارێكیان بەناوی "عەلی خەیاڵ" لە هۆڵێكی وەرزشی شاری هەولێر ڕفێندراوەو تاكو ئێستا بێسەروشوێنە، سەلامەتی گیانی ئەو میدیاكارەش دەخەنە ئەستۆی محەمەد تەمیم، وەزیری پلاندانانی عێراق.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، پێشتر لەڕێی پەیوەندی تەلەفۆنییەوە ئەو وەزیرە هەڕەشەی لە پێشكەشكارەكە كردوە، هەروەها سكاڵای یاساییشی لەدژی تۆماركردبو.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە رۆژنامەنوسان لە راگەیەندراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، عەلی خەیال، بڕوانامەی بەكالۆریۆس لە ڕۆژنامەگەری، زانكۆی بەغداو بڕوانامەی ماستەر لە ڕۆژنامەگەری لێكۆڵینەوە لە زانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە، ساڵانێك لە كۆمەڵگەی مەدەنیدا كاری كردوە، ئێستا بەرنامەی "ئێمە دەسەڵاتین" لەو كەناڵەدا پێشكەش دەكات، كە بەرنامەیەكی سیاسی رەخنەگرە.
سەنتەری میترۆ داوای لە حكومەتی عێراق كردوە یاسا نەكەنە ئامرازێك بۆ تۆڵەسەندنەوە لە رەخنەگران و رۆژنامەنوسان و رێز لە ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەگەری بگرن.
سەنتەری میترۆ نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە هەواڵی رادەستكردنی بە هێزە ئەمنییەكانی بەغدا، داوای لە دەزگا ئەمنییەكانی شاری هەولێر كردوە، وەك دۆسیەیەكی هەستیار تەماشای ئەو داوا یاساییە بكەن كە روبەڕوی پێشكەشكارەكەی كەناڵی بەغدادیە كراوەتەوەو بە پێی شوێنی دانیشتنی رۆژنامەنوسەكە كە شاری هەولێرە كەیسەكەی بگوازرێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان و بەپێی یاسای ژمارە 35ی ساڵی 2007 یاسای رۆژنامەگەری هەرێمی كوردستان مامەڵە لەگەڵ كەیسەكەیدا بكرێت نەك یاسای سزادانی عێراقی.