ئاڵدار خەلیل: بەمزوانە وەفدی هاوبەشی كوردی دەچێتە دیمەشق بۆ دانوستان
  2025-05-23       229       

ئاڵدار خەلیل، ئەندامی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە رایگەیاند، وەفدی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان بەم زوانە دەچنە دیمەشق بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی داخوازییەكانیان لەبارەی ئایندەی ناوچەكەیان و سوریا.

ئاوێنە: ئاڵدار خەلیل، لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی رۆیتەرز رایگەیاند، ئەو تێڕوانینە هاوبەشەی كە لە كۆتاییەكانی مانگی رابردو لەمیانی كۆنفرانسی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كورد لە رۆژئاوا پەسەندكرا، بنەمای دانوستانەكانیان دەبن لە دیمەشق.

وتوشیەتی، وەفدە هاوبەشە كوردییەكە خەریكە ئامادە دەبێت بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق.

لە كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوای كوردستان، لە كۆتایی مانگی رابردودا، بڕیاردرا وەفدێكی هاوبەشی لایەنە كوردییەكان پێكبهێنرێت بۆ دانوستان لەگەڵ دیمەشق و هەروەها داوای ئەوە كرا كە سیستەمی حوكمڕانی لە سوریا لامەركەزی بێت و رەچاوی تایبەتمەندی هەر ناوچەیەك بكرێت.

ئاڵدار خەلیل لەگەڵ ئەوەش وتویەتی، رەنگە لە دانوستانەكاندا روبەڕوی هەندێك كۆسپ ببینەوە، چونكە هێشتا هەڵوێستی دەسەڵاتدارانی سوریا لەبارەی داخوازییەكان، "توندە."

دوای راگەیەندراوی كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوا، نوسینگەی ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا لە راگەیەندراوێكدا وتی، هەر هەوڵێك بۆ سەپاندنی دابەشبون و دروستكردنی هەرێمی جیا بەبێ سازانێكی نیشتمانی، رەتدەكەنەوە.

لای خۆیشیانەوە لایەنە كوردییەكانی رۆژئاوا ئەو رێكارانەیان رەتكردنەتەوە كە دەسەڵاتدارانی دیمەشق بۆ قۆناغی راگوزەر گرتویاننەتەبەر لەوانەش ئەو راگەیاندنە دەستورییەیە كە دەسەڵات لە دەستی ئەحمەد شەرعدا چڕدەكاتەوە.

ئاڵدار خەلیل هەنگاوەكانی ئیدارەی دیمەشق بە هەنگاوی "تاكلایەنە" ناوبردون و وتوشیەتی"ئێمە هەوڵی گفتوگۆ و بەشداریكردن دەدەین."

ئەو ئەندامەی دەستەی هاوسەرۆكایەتی پەیەدە جەختیشی كردۆتەوە كە رۆڵی هێزەكانی هەسەدەو هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆی رۆژئاوای كوردستان، گەرەنتییە بۆ "ئاسایش و پاراستنی ناوچەكەمان" و ئەگەر ئەوە بە "دەستور و یاسا و لەڕوی سیاسییەوە مسۆگەر نەكرێت، گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی چەك، بێ سود دەبێت."

هەروەها لەدوای راگەیاندنەكەی كۆنفرانسی یەكڕیزیی و یەكهەڵوێستیی كورد لە رۆژئاوا لە مانگی رابردودا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا دژایەتی خۆی بۆ ئەنجامەكانی راگەیاند و وتیشی، داخوازییەكان بۆ بونی سیستەمێكی فیدراڵی لە سوریا، "جگە لە خەیاڵێكی خاو هیچ تر نین."

توركیا پەیەدەو یەپەگەو هەسەدە بە درێژكراوەی پەكەكە ناودەبات لە سوریا كە پەكەكە لەم مانگەدا هەڵوەشاندنەوەی خۆی و كۆتاییهێنان بە خەباتی چەكداری راگەیاند. لەوبارەیەوە ئاڵدار خەلیل رایگەیاندوە، چاوەڕوان دەكەن بڕیارەكەی پەكەكە كاریگەری لەسەر هەڵوێستی توركیا لەبارەی سوریا هەبێت.

ئاڵدار خەلیل وتویەتی، توركیا بونی پەكەكە یان گروپەكانی نزیك لە پەكەكەی وەك پاساوێك بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان ناوبردوە، لەمەودوا هیچ پاساوێك بۆ توركیا نابێت بۆ هێرشكردنە سەر ناوچەكەمان.

© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×