ئا: محەمەد هاوژین
بازرگانی مەشروبات، یەکێکە لەبازرگانییە گەورەکان لەهەرێمی کوردستاندا، کە ساڵانە بەبڕی سەدان ملیۆن دۆلار چەندین جۆر مەشروباتی کحولی هاوردە دەکرێت، یەکێک لەدێرینترین مەی فرۆشەکانی سلێمانی دەڵێت "ئێستا بازرگانی مەشروبات پاشاگەردانییەو هەموو ئەوەی دێت بێ کوالێتییە".
جەرجیس، هاوڵاتییەکی مەسیحییەو کۆگای مەی فرۆشتنی هەیە، ئاماژە بەوە دەکات زۆربەی ئەو مەشروبانەی ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێن، بەرهەمی کارگەکانی وڵاتانی تورکیا، یۆنان، لوبنان، روسیا، ئەرمینیا، جۆرجیا، ئیسپانیا، ئەڵمانیاو چەند وڵاتێکی دیکەی ئەورپیین، ئەو بەئاوێنەی وت "دەیان کۆمپانیا لەهەرێمی کوردستان چەندین جۆری مەشروباتی وەک بیرەو عەرەقو ڤۆدگاو ویسکیو ئۆزۆو شەراب هاوردەی هەرێم دەکەنو عەنکاوەش بەچەقی ئەم بازرگانییە دادەنرێت، کە چەندین کۆگای گەورەی مەشروباتی تیایە".
وتیشی "بازاڕی کڕینو فرۆشی مەی لەعەینکاوەو شارەکانی کوردستان لەپاش نیوەڕۆوە دەستپێدەکاو تا درەنگانی شەو درێژەی ھەیە".
لەعەنکاوە جگە لەهاوڵاتیانی کریستیانو ئێزیدی کە تەنها ئەوان رێگەپێدراون بازرگانیو کڕینو فرۆش بەمەشروباتەوە بکەن، چەندین خاوەنکاری عەرەبو تورکیو روسیو ئەرمەنیو لوبنانی هەن، کە هیچ کەسێکیان ئامادە نین لەمبارەوە قسە بکەن.
خدر خەڵەف، کە هاوڵاتییەکی ئێزیدییەو چەند ساڵێکە لەسلیمانی کۆگای مەی فرۆشتنی هەیە، ئاماژە بەوە دەکات بازرگانی مەی لەهەرێمی کوردستان قازانجێکی گەورەی هەیە، ئەو بەئاوێنەی وت "بازرگانی مەشروب بازرگانییەکی پڕ داهاتەو داهاتی مەشروب فرۆشەکانیش بەپێی شوێنی فرۆشگاو دوکانەکانیان دەگۆڕێ".
وتیشی "من کڕیاری تایبەتی خۆمم هەیە، نرخی گونجاوی خۆمم هەیە، هەیە هەموو رۆژێک دێت مەشروباتم لێدەکڕێو دەڵێ شەوێک نەخۆمەوە کێچ دەکەوێتە کەوڵمو خەوم لێناکەوێ".
ئێستا لەشارەکانی کوردستان دەیانو سەدان کۆگای فرۆشتنی مەیو یانەی شەوانەو مەیخانە هەنو ساڵ بەساڵیش ژمارەیان زیاتر دەبێت.
ئابوریناس، ئاراس جیهاد کە بڕوانامەی ماستەری لەتورکیا بەدەستهێناوە، ئاماژە بەوە دەکات کە تورکیا تاکە دەروازەی هاوردەکردنی مەشروباتە بۆ هەرێمی کوردستان، کە جگە لەوەی بەشێکی سەرەکی ئەو مەشروباتەی دێتە هەرێمەوە لەتورکیا بەرهەمدەهێنرێت. زۆربەی هەرە زۆری مەشروباتی وڵاتانی دیکەش لەڕێگەی تورکیاوە دێتە هەرێمەوە، ئەو بەئاوێنەی وت ""بازرگانی مەشروبات یەکێکە لەبازرگانییە پڕ فرۆشو داهاتەکان لەکوردستان، کە بازاڕێکی گەورەی ساغکردنەوەی مەشروباتی وڵاتانو راڕەوی بەقاچاغ تێپەڕینی مەشروباتیشە روەو باشورو ناوەڕاستی عێراقو وڵاتی ئێران، بۆیە بەردەوام ئەو کۆمپانیاو کۆگایانەی کاری بازرگانیو کڕینو فرۆشی مەشروبات دەکەن، روو لەزیادبوونە".
وتیشی "راستە بەپێی یاسا دەبێ تەنها کەسانی کریستیانو ئێزیدی مەی بفرۆشن، بەڵام زۆربەی هەرە زۆری ئەوانەی مەی دەیکڕن موسڵمانن، لەبەرئەوە دەبوو بیر لەدروستکردنی کارگەی مەشروبات بکرایەتەوە لەھەرێمی کوردستان، هەرچەندە هەوڵی سەرەتایی هەن بۆ دروستکردنی شەراب، بەڵام لەئاستی خواستی بازاڕدا نینو لەخانەی نەبوودان، لەکاتێکدا لەڕووی کوالێتییەوە زۆربەی ئەو مەشروباتەی هاوردەی کوردستان دەکرێن جێی متمانە نین".
مەی فرۆشە دێرینەکانیش دادو بێدادیانە لەو پاشاگەردانییەی بازاڕی مەشروباتی گرتوەتەوەو پێیانوایە زۆربەی ئەو مەشروباتەی ئێستا لەبازاڕدا دەفرۆشرێن، جێی متمانە نینو بێ کوالیتین.
عەبدولئەحەد ئەبو بەشار، کە مەسیحییەکی کلدانی نیشتەجێی شاری سلێمانییەو ئێستا تەمەنی ٧٨ ساڵە، یەکێکە لەدێرینترین مەشروب فرۆشەکانی شاری سلێمانی، ئەو وتی "من لەساڵی ١٩٧٦ دوکانی مەشروباتم دانا، ئەوکات زۆربەی ئەو عارەقو مەشروبەی دەهات لەبەغداوە دەمانهێنا، ئەوکاتە لەبەغدا کارگە هەبوو، چەندین جۆر عارەقیان بەرهەمدەهێنا بەناوەکانی عارەقی عەسریەو مەستەکیو زەحلاوی، لەگەڵ بیرەی فەریدەو شەهرزادو دواتریش شەهریار کە باشترین جۆری بیرە بوون".
عەبدولئەحەد باس لەوە دەکات زۆربەی عێراقییەکان حەزیان لەخواردنەوەی عارەق بوو کە ناویان نابوو "شیری شێرەکە"، لەبەرئەوەی کە ئاوی تێدەکرا رەنگی وەک شیر سپی هەڵدەگەڕا، ئەو وتی "جاران جگە لەعارەقو بیرە، شەرابیش هەبوو کە لەموسڵ دروست دەکرا، بەرهەمی کارگە نەبوو لەماڵاندا ئامادە دەکرا، جۆرێک عارەقیش هەبوو پێیاندەوت ئەبو نەواس کە لەخاڵس دروست دەکرا، جن-یش لەئەردەنەوە بۆمان دەهات، ویسکی لەسکوتلەنداو فۆدگاش لەڕوسیاوە بۆمان دەهات، نەیاندەهێشت یەک کارتۆن مەشروبی بازرگانی کوالێتی نزم بێت، بەڵام دوای راپەڕینی ١٩٩١ هەمو شتەکان گۆڕاو هەمو مەشروبەکان بون بەمەشروبی بازرگانی کوالێتی نزمو بێ چاودێریو لێپرسینەوەو هەر کەسەو بەئارەزووی خۆی شتی دەهێنا، دیارە کەسێکیش کە ویژدانی نەبوو هەموو شتێک دەکات بۆ پارە".
عەبدولئەحەدئەوە رووندەکاتەوە کە جاران بازرگانی مەشروبات تەنها مەسیحیەکان دەیانکردو تەنها مۆڵەت دەدرا بەمەسیحییەکان، بەڵام ئێستا زیاتر موسڵمانو ئێزدی خەریکی ئەم بازرگانییەنو هەر کەسێکیش کە داوای مۆڵەت دەکات دەیدەنێ، ئەو وتی "ئێستا بازرگانی مەشروبات بووە بەپاشاگەردانیی، من خۆم لەساڵی ١٩٩١ەوە تاکو ئێستا یەک بتڵی ویسکی یان شەرابم لە بازاڕ نەکڕیوەو ناشیکڕم لەبەرئەوەی هیچی متمانەی باش نییەو کوالێتی باشیان نیەو هیچیان وەکو جاران نەماون، وەک باس دەکرێ زۆربەی ئەو مەشروبانەی ئێستا لەبازاڕدا هەن مەشروبی ساختەنو لەناو کەشتیدا لەوڵاتانی تورکیاو قوبرسو یۆنان بەرهەمدەهێنرێنو هەناردەی ئەم جۆرە وڵاتانەی وەک ئێمە دەکرێن".
عەبدولئەحەد جەغت لەوە دەکات ئەگەر شەراب لەناوخۆی کوردستاندا کەسانی شارەزا دروستی بکەن سەد قات لەو شەرابو جۆرە مەشروباتە باشترە کە هاوردە دەکرێنو ئێستا لەبازاڕدا هەن، ئەو وتی "من خۆم ئێستا لەماڵەوە شەراب دروست دەکەم بۆ خۆمو بۆ کەنیسەش، لەکاتی پێگەیشتنی ترێدا ٢٠٠ کیلۆ دەکڕم لەمانگی نۆدا، بەپاکو خاوێنی ئامادەی دەکەمو کوپەی گەورەم هەیە هی ساڵی شەستەکانی سەدەی رابردووەو لەماڵی ئێمەدا پارێزراوەو وەک خۆی ماوەتەوە، شەرابی تیا دروست دەکەمو لێیدەخۆمەوەو دەشیبەخشم بەدۆستو برادەرو بەشی کەنیسەشی لێئەدەم".
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات