بڕیارە نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە بەشداری هەردو باڵەكەی بزوتنەوەكە لە سلێمانی بەڕێوەبچێت. وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕانی گردی زەرگەتە دەڵێت، بەداخەوە بە دو ئاڕاستەو دو بەرنامەو دو لیستی سەركردایەتی جیاواز بەشداری كۆنفرانسەكە دەكەین.
ئاوێنە: كۆنفرانسەكە بڕیارە سەعات 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە هۆڵی ئاشتی لە سلێمانی بەڕێوەبچێت. هەردو باڵەكە وتەبێژی جیایان بۆ كۆنفرانسەكە هەیەو بەر دەستپێكردنی قسەیان بۆ رۆژنامەنوسان كرد.
شاخەوان رەئوف بەگ، وتەبێژ كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە باڵی كوردسات، وتی، بەلامانەوە گرنگە كۆنفرانسێكی سەركەوتو بێت و لە خزمەت هەمو هەڵسوڕاوان و دەنگدەرانی بزوتنەوەی گۆڕان بێت و بەلامانەوە گرنگە بچینە قۆناغێكی باشتر و گرنگتر و گەورەتر.
ئاماژەی بەوەشدا، ئەوانەی بەشداری كۆنفرانسی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەكەن ئەندامانی دەستەی گشتین كە ناویان لە لیستی 2017 هەیە لەگەڵ ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەر.
ئەوەشی خستەڕو، ئێمە دەمانەوێت ئەمڕۆ لەم كۆنفرانسەدا، دەستوری ناوخۆ و پەیڕەوی ناوخۆی بزوتنەوەی گۆڕان پەسەند بكەین و رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان دیاری بكەین و ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێرین.
وتیشی، دەمانەوێت بەشێوەیەكی دیموكراسیانەتر، رێكخەری گشتی لەناو كۆنفرانسی نیشتمانی و لەلایەن ئەندامانی كۆنفرانسەوە دیاری بكرێت. ئەمە بابەتێكی گرنگەو بەلای ئێمەوە دیموكراسیانەترە تا ئەوەی كە رێكخەر لەناو ئەنجومەنێكی 51 كەسیدا دیاری بكرێت.
هێمای بۆ ئەوەش كرد، ئەمڕۆ هەمو هاوڕێكانمان لە دەستەی گشتی، ئەوانەی كە مافی ئەندامێتی كۆنفرانسی نیشتمانیان هەیە، بەرپرسیارێتی تێپەڕاندنی كۆنفرانسەكەیان لە ئەستۆیە. لەم كۆنفرانسەدا بە زۆرینەو كەمینە هەمو بابەتەكان یەكلایی دەكرێنەوە. جەختیشی كردەوە، ئێمە یەك كاندیدمان هەیە بۆ رێكخەری گشتی كە دانا ئەحمەد مەجیدە.
بەقسەی شاخەوان رەئوف بەگ كۆنفرانسەكە ئەمڕۆ تەواو ئەبێت و ماوەكەی یەك رۆژە.
لەلای خۆیشییەوە وتەبێژی كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان لە باڵی گردی زەرگەتە بە رۆژنامەنوسانی وت، بەداخەوە ئێمە ئەمڕۆ بە دو ئاڕاستەو بە دو بەرنامەو بە دو لیستی سەركردایەتی جیاواز بەشدارین لە كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان.
وتیشی، ئێمە وەك خۆمان پارێزەرانی بەرەی دەستوری بزوتنەوەكەین. ئێمە دەمانەوێت رێكخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو جڤاتی نیشتمانی هەڵبژێردرێن نەك لەناو كۆنفرانس، چونكە دواتر جڤاتی نیشتمانی دەتوانێت لێپرسینەوەیان لێ بكات. ئێمە رێكخەرمان هەیە بەڵام ئەوان كردویانە بە سەرۆك.
ئتماژەی بەوەشدا، لەو 63 كەسەی كە دەبنە ئەندامی جڤات، لەوانە رێكخەر دیاری دەكەین، ئێستا كاندیدی دیاریكراومان بۆ رێكخەر نییە.