2025-06-01   193     
وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە سیاسییە و دەشڵێت: دەسەڵات لە بەغدا لە جێبەجێکردنی دەستور و پێدانی مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبووەتەوە.
ئاوێنە: پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی وەزیری دارایی عێراق بۆ نەناردنی موچە وتی: بڕیارەکە کاریگەری لەسەر ژیانی هەموو تاکێکی کۆمەڵگە هەیە.
وەزیری ئەوقاف وتیشی: بڕیارەکەی تەیف سامی سیاسییە و بەردەوام لە چەند ساڵی رابردوودا، بەتایبەتی لە ساڵی 2014ـوە، لەم جۆرە بڕیارانە دژی هەرێمی کوردستان دەردەچن.
پشتیوان سادق نیگەرانی خۆی لە سیاسەتی بەغدا نیشاندا و وتی: بەداخەوە ئەو برادەرانەی ئێستا لەسەر دەسەڵاتن، دوای ئەوەی تۆزێک خۆیان تووندوتۆڵ کرد، لە دەستور و مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبوونەوە.
ئاماژەی بەوەکرد، لەکاتێکدا هەموو داواکارییەکانمان جێبەجێ کردوون، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستاش بەردەوامن لەسەر ئەو سیاسەتەی لە رابردوودا بەرامبەر خەڵکی کوردستان بەرکاردەهێنرا.