مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، تەنیا رێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبونی هەمو لایەكە بە بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی بارەگای بارزانی، ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی پێشوازی لە وەفدێكی سەرۆك هۆزو كەسایەتی و ریشسپییە عەرەبەكانی پارێزگای نەینەوا كردوە.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا مەسعود بارزانی ئاماژەی بە مێژوی كێشەكانی نێوان گەلی كوردستان و حكومەتەكانی عێراق كردوەو جەختی لەوە كردەوە كە "جێیی شانازییە ناكۆكیی نێوان گەلی كوردستان و حكومەتەكانی عێراق هیچ كاتێك نەبوەتە هۆی ناكۆكیی نێوان گەلانی عێراق."
هەروەها مەسعود بارزانی هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە عێراقی دوای 2003 لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان و لە چوارچێوەی دەستوردا دامەزراوە و تەنیا ڕێگەی چارەسەركردنی كێشەكانی عێراق پابەندبونی هەمو لایەكە بەو بنەمایانە.
سەرۆكی پارتی لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا پاڵپشتیی و هاوسۆزیی خۆی بۆ داواكاری و کێشەکانی خەڵكی پارێزگای نەینەوا ڕاگەیاند و ئەوەشی دوپات كردەوە كە پێویستە ڕێگە بدرێت دانیشتوانی نەینەوا خاوەنی بڕیار و چارەنوسی خۆیان بن.