دوو شه‌ممه‌, 23 ی ‌حوزه‌یران , 2025
وەفدی ئیدارەی خۆسەرو ئیدارەی دیمەشق لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن
  2025-06-01       1306       

ئەمڕۆ یەكشەممە، وەفدی ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان و وەفدی حكومەتی راگوزەری سوریا لە دیمەشق كۆبونەوەو لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوی هاوبەشی كۆبونەوەكە، هەردولا لەبارەی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا، لەسەر چوار خاڵ رێككەوتن.

ئەو چوار خاڵەی لەسەری رێككەوتون، بەگوێرەی راگەیەندراوە هاوبەشەكە، ئەمانەن:

1.پێكهێنانی چەند لیژنەیەكی لاوەكی و تایبەتمەند بۆ بەدواداچونی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكەی 10ی ئازاری نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هەسەدەو ئەحمەد شەرع، سەرۆكی راگوزەری سوریا.

2.هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی دۆسیەی تاقیكردنەوەكان و ناوەندەكانی تاقیكردنەوەكان، بەشێوەیەك كە دەستەبەری مافی خوێندكاران و سەلامەتی پڕۆسەی پەروەردە بكات.

3.تاوتوێكردنی میكانیزمەكانی ئاسانكاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان و كاركردن لەسەر لابردنی كۆسپەكانی بەردەم گەڕانەوەیان.

4.كاراكردنەوەی دۆسەی هەردو گەڕەكی ئەشرەفیەو شێخ مەقسودی حەڵەب و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی دۆسیەكە بەشێوەیەك كە خزمەت بە سەقامگیری و ئاشتی كۆمەڵایەتی بكات.

هەروەها وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، هەردولا جەختیان لە پابەندبون بە گفتوگۆی بونیادنەرو هەماهەنگی بەردەوام كردەوەو لەسەر دیاریكردنی كۆبونەوەیەكی دیكە لە نزیك كاتدا رێككەوتن ئەوەش لەپێناو تەواوكردنی گفتوگۆكان و بەدواداچون بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی رێككەوتنی لەسەر كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×